Accessibility links

پـوتن: ڕووسیا چەک ڕەوانەی هێزە کوردیـیەکانی سوریا ناکات

  • VOA News

سەرۆکی ڕووسیا دەڵێت ئەوان وەکو وڵاتانی دیکە چەک ڕەوانەی هێزە کوردیـیەکانی سوریا ناکەن کە بەهێزترین هێزن لەوانەی لە سوریا شەڕی داعش دەکەن.

ڤلادیمیر پـوتن ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆتایی سەردانەکەی بۆ چین کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ سازکرا لە بەیژینی پایتەخت و تیایدا باسی لە چەند بابەتێـکی نێودەوڵەتی کرد لەوانە قەیرانی سوریا و شەڕی داعش.

لە وەڵامی بۆ پـرسیارێـکی ڕۆژنامەوانێـک سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەکانی عەفرین، پـوتن گوتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا نیگەرانی خۆی لەم بارەیەوە دەربڕیبوو لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵیدا لە سوچی. گوتیشی دڵنیای کردووەتەوە کە ڕووسیا وەکو وڵاتانی دیکە چەک ڕەوانەی هێزە کوردیـیەکان ناکات.

هەروەها گوتی هێزە کوردیـیەکان لە بنەڕەتدا پـێویستیان بە چەکی ڕووسیا نیـیە چونکە سەرچاوەی خۆیان هەیە. گوتیشی ئەو هێزانە بەهێزترین و ڕێکخراوەترین هێزن کە لە سوریا شەڕی دژی داعش دەکەن.

پاشان گوتی ڕووسیا مافی خۆیەتی پەیوەندیـیان لەگەڵدا دروستبکات، بە لایەنی کەم بۆ ئەوەی پـێکدادان ڕوونەدات و حاڵەت ڕوو نەدن کە ژیانی سەربازانی ڕووسیایی بکەونە بەر مەترسیـیەوە. گوتیشی هیوادارە تورکیا لەم کارەیان نیگەران نەبێت.

XS
SM
MD
LG