Accessibility links

ڕووسیا داوای بەشداریکردنی کوردەکان دەکات لە وتووێژەکانی ئاشتی سوریا


ڕووسیا جارێـکی دیکە جەختی لە گرنگی بەشداریکردنی کوردی لە دانوسـتاندنەکانی ئاشتی سوریا کرد، ئەوانەی بڕیارن بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ بەڕێوەبچن.

ئەمڕۆ هەینی لە مۆسکۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وانگ یی هاوتا چینیـیەکەی ، سێرگێی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا داوای لە ستافان دیمستۆرا نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا کرد کوردیش بەشداری پـێبکات لە دانوسـتاندنەکاندا.

لاڤرۆڤ گوتی" ئەنجامدانی وتووێژەکان بەبێ کورد بۆ دانانی حوکمڕانیـیەکی نوێ لە سوریا بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ هەموارکردنی دەستور و سازکردنی هەڵبژاردنەکان، پـێشـێلکردنێـکی ئەوپەڕی مەترسیداردەبێت بۆ مافەکانی کۆمەڵێـکی گەورە و گرنگی سوریا."

گوتیشی کوردەکان هاوپەیمانی هەریەک لە ئەمەریکا و ڕووسیان و کۆنترۆڵی بە لایەنی کەم 15% ی خاکی سوریا دەکەن.

لاڤرۆڤ باسی تورکیای کرد و گوتی تەنها تورکەکانن ڕێگە نادەن کوردی سوریا لەوانەی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) بانگهێشتی دانوستاندنەکان بکرێن.

پاشان ئاگاهی دا کە ئەگەربێت و وتووێژەکان بەبێ بەشداری کورد دەسـتپـێبکاتەوە، ئەوا ئاماژەیەک دەبێت بۆ لاوازی کۆمەڵی نێودەوڵەتی. گوتیشی دورخستنەوەی کوردەکان لە بەرژەوەندی ئەوانە دەبێت کە نایانەوێت لە ناو سوریادا بمێنەوە، بەڵکو دابەشی بکەن.

دواتر وەزیری دەرەوەی ڕووسیا گوتی دەبێت دیمستۆرا بڕیاری دورستبدات. باسی لەوەش کرد ئەوان بەردەوامن لە پەیوەندی لەگەڵیدا و بە توندی هەڵوێستی خۆیان بۆ نیشانداوە. ئاماژەی کرد کە دوێنی سەرلەنوێ بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندی پـێکردووەتەوە.

XS
SM
MD
LG