Accessibility links

ڕێبەری بەرەی نوسرە داوای هێرشکردنە سەر ڕووسەکان دەکات

  • VOA News

ڕێبەری گروپی سەر بە ئەلقاعیدە لە سوریا داوای لە جیهادیـیەکانی قەوقاز کردووە هێرش بکەنە سەر هاوڵاتیان و سەربازانی ڕووس، ئەمەش لە بەرامبەر ئەو هێرشە ئاسمانیـیانەی ڕووسیا لە سوریا ئەنجامی دەدات.

ئەبو محەمەد ئەلجۆلانی ڕێبەری بەرەی نوسرە لە تۆمارکراوەیەکی دەنگیدا کە شەوی دووشەممە بڵاوکرایەوە، ئەم داوایەی لە ئیسلامیـیە توندڕەوەکانی وڵاتانی ناوچەی قەوقازکردووە و گوتویەتی "ئەگەر لەشکری ڕووسیا خەڵکی سیڤیلی سوریا بکوژێت، ئێوەش خەڵکەکەی بکوژن و ئەگەر سەربازانمان بکوژن، ئێوەش سەربازانیان بکوژن."

پاشان بەڵێنی دا ئەو هێرشە ئاسمانیـیانەی ڕووسیا کە لە 30 ی مانگی نۆوە لە سوریا دەسـتیپـێکردووە، ئاکامی زۆر خراپی بۆ ڕووسیا دەبێت. گوتیشی شەڕی سوریا لە بیر ڕووسەکان دەباتەوە کە کاتی خۆی دووچاری چ شکستێک بوون لە ئەفغانسـتاندا.

جێی ئاماژەیە ڕووسیا دەڵێت ئامانجی هێرشە ئاسمانیـیەکانی، شوێنەکانی داعش و بەرەی نوسرەی ڕکابەرێتی و هەروەها گروپە توندڕەوەکانی دیکە.

زۆربەی هێرشە ئاسمانیـیەکانی ڕووسیا ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریای گرتووەتەوە لە پارێزگای ئیدلیب کە لەوەی بەرەی نوسرە بوونێـکی زۆری هەیە.

هەروەها هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکاش چەند جارێک بەرەی نوسرەی کردووەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانیـیەکانی.

XS
SM
MD
LG