Accessibility links

کاربەدەستێـکی ڕووسیا: نزیکەی 2400 کەسی هەڵگری ڕەگەزنامەی ڕووسیایی داعشن

  • VOA News

جێگری یەکەمی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی فیدراڵی ڕووسیا دەڵێت نزیکەی 2400 کەس کە هەڵگری ڕەگەزنامەی ڕووسیایـین لە پاڵ چەکدارانی داعش شەڕ دەکەن.

سێرگێی سمیرنۆڤ ڕۆژی هەینی ئەمەی بۆ ئاژانسێـکی هەواڵی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد و گوتی بە گشتیش نزیکەی 3 هەزار کەس لە وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیاوە پەیوەندیـیان بە داعشەوە کردووە.

وڵاتانی ناوەڕاستی ئاسیا بریتین لە ئۆزبەکستان و تورکمانستان و کازاخستان و قیرغیزستان.

پاشان گوتی کێشەی ڕووکردنی پەنابەران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرەو ئەوروپا وەها پـێدەچێت بەرەو گەورەتر بڕوات و ئەمەش ڕەنگە ببێتە مایەی هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ڕووسیا.

لە بەشێـکی دیکەی قسەکانیدا، سێرگێی سمیرنۆڤ ئەو قسانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن پشـتیوانیکردنی مۆسکۆ لە دیمەشق کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕەوشی سوریا دەبێت و سەرئەنجام ئاوارەبوون لەو وڵاتە زیاتر دەبێت. گوتی تێڕوانینە ڕاست نیـیە و هۆکاری زیادبوونی ئاوارە و پەنابەر دەگەڕێتەوە بۆ فراوانبوونی داعش لە ناوچەکەدا.

پاشان ڕەخنەی گرت و گوتی هەندێـک وڵات هەن خۆیان لە هاوکاری نێودەوڵەتی لە دژی تێرۆرزم دەدزنەوە، گوتیشی هاوکاریکردنی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا لەم بوارەدا لە ئاستی پـێویسـتدا نیـیە.

XS
SM
MD
LG