ڕووسیا ده‌ڵێت له 21 ی مانگی هه‌شته‌وه ده‌سـتده‌کات به دانانی سـووته‌مه‌نی له ناو یه‌که‌م ده‌زگای ناو‌کی ئێران که تایبه‌ته به به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی ئه‌لیکتریک.
گوته‌بێژێـکی ئاژانسی ناو‌کی ڕووسیا ڕۆژی هه‌ینی ئه‌مه‌ی ڕاگه‌یاند و گوتی دانانی سـووته‌مه‌نی له ناو ئه‌و ڕیاکته‌ره‌که هه‌نگاوێـکی سه‌ره‌کیـیه بۆ وه‌گه‌ڕخسـتنی ده‌زگای به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی ئه‌لیکتریک له بوشه‌هر. به‌ڵام گوتیشی ڕیاکته‌ره‌که له‌و ڕۆژه‌وه ناخرێته گه‌ڕ.
هه‌رچه‌نده ڕووسیا یارمه‌تی ئێران ده‌دات له دروسـتکردنی ده‌زگای ناو‌کی تایبه‌ت به به‌رهه‌مهێنانی ئه‌لیکتریک، به‌ڵام له‌م هه‌فتانه‌ی دوایـیدا هه‌ڵوێسـتێـکی توندی به‌رامبه‌ر ئێران هه‌بووه له‌سه‌ر چالاکیـیه ناوکیـیه‌کانی دیکه‌ی. زلهێزانی ڕۆژئاوا ئێران تاوانبار ده‌که‌ن به‌وه‌ی هه‌وڵی دروسـتکردنی چه‌کی ناو‌کی ده‌دات له ژێر ناوی به‌رنامه‌ی ناو‌کی سیڤیلی. هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانیشه به‌رده‌وام ئه‌و تۆمه‌ته ڕه‌تده‌که‌نه‌وه.
ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه سه‌رۆکی ڕووسیا دمتری مێدڤێدێڤ گوتی هه‌رچه‌نده وڵاته‌که‌ی ئاڵوگۆڕێـکی بازرکانی چالاکی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا هه‌یه، وه‌لێ ڕووسیا شێوازی په‌ره‌سه‌ندنی به‌رنامه‌ی ناو‌کی ئێران پشتگوێ ناخات.