Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت زانیاری بە فەڕەنسا داوە لەبارەی گواستنەوەی چەکداران بۆ داعش لە لایەن تورکیاوە


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت لەشکری وڵاتەکەی زانیاری بە فەڕەنسا داوە کە تورکیا چەکداری بۆ باکوری سوریا گواستووەتەوە تاوەکو بچنە ڕیزەکانی داعشەوە.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی جەنەڕاڵ ڤالێری گێراسیمۆڤ سەرۆکی دەستەی ئەرکانی لەشکر ڕۆژی چوارشەممە لە مۆسکۆ ئەم زانیاریـیەی گەیاندووە بە جەنەڕاڵ بێیر دو فیلێ هاوتا فەڕەنسایـیەکەی.

هەروەها لە بەیانـنامەکەدا هاتووە جەنەڕاڵ ڤالێری باسی لە بەردەوامی بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی سوریای کردووە کە بۆ دابینکردنی پارە و پـول بۆ داعش بەکاردەهێنرێن و تورکیا چ ڕۆڵێـک لەم کارەدا دەبینێت.

پاشان دەڵێت هەردوو ئەفسەری باڵا بە مەبەستی هەماهەنگی لە دژی داعش، لەسەر ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریـیە بە پەلەکان لە نێوانیان ڕێکەوتوون، لەوانە لەناوبردنی ناوەندەکانی فەرماندەیەتی و عەمبارەکانی داعش لەگەڵ ژێرخانی ئەم ڕێکخراوە تێرۆرستیـیە.

هەروەها ڕێکەوتوون تیمێـکی هاوبەش پێـکبهێنن کە شارەزایانی لەشکری لە دەستەی ئەرکانی هەردوو وڵاتی تێدابێت. دەشڵێن باسیشیان لە ڕەوشی سوریا کردووە.

جەنەڕاڵ بێیر لای خۆیەوە گوتویەتی کاتی ئەوە هاتووە هەموومان هێزەکانمان یەکبخەین بۆ شەڕی دژی داعش و بەرەی نوسرە و گروپە تێرۆرسـتیـیەکانی دیکە. ئەمەش ئامانجی وتووێژەکانی بووە لە مۆسکۆ.

کاربەدەسـتانی تورکیا بەردەوام ئەو قسانە ڕەتدەکەنەوە کە تاوانباری دەکەن بە یارمەتیدانی گروپە تێرۆرستیـیەکان لە سوریا. دەڵێن ئەو قسانە هیچ بنەمایەکی ڕاستیـیان بۆ نیـیە.

XS
SM
MD
LG