Accessibility links

ڕودی جولیانی کاندیدی سەرەکیـیە بۆ پـۆسی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا


لەم کاتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا سەرقاڵی دەسـتنیشانکردنی ئەندامانی حکومەتەکەیەتی، سەرچاوەی ئاگادار لەم بارەیەوە دەڵێن ڕودی جولیانی سەرۆکی پـێشووی شارەوانی نیویۆرک لە پـێشی کاندیدەکانە بۆ گرتنەدەسـتی پـۆستی وەزیری دەرەوە.

جولیانی شارەزایی هەیە وەکو داواکارێـکی گشتی فیدراڵی، بەڵام لە سیاسەتی دەرەوە ئەزمونی نیـیە وەکو ئەوانەی پـێشتر ئەو پـۆستەیان گرتبووە دەست.

جۆن کێری بەر لەوەی پـۆستی وەزیری دەرەوە بگرێتەدەست، سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندیـیەکانی دەرەوە بوو لە ئەنجومەنی سینات. هێلەری کلنتنیش ماوەی هەشت ساڵ کە ئەندامی ئەنجومەنی سینات بوو گرنگی تەواوی بە سیاسەتەکانی دەرەوەی وڵاتەکە دابوو و یەک لەو سیناتۆرانە بوو کە پـشتیوانی تەواویان لە هەردوو شەڕی ئەفغانسـتان و عێراق کردبوو. لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتی جۆرج بوش کە کۆندەلیزا ڕایس و کۆڵن پاوەڵ ئەم پـۆستەیان گرتبووەدەست، پـێشتر ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بوون کە پـۆستێـکی لە نزیکەوە ئاگاداری سیاسەتەکانی دەرەوەی وڵاتەکە دەبێت.

بەڵام جولیانی پـشـتیوانێـکی توندی دۆناڵد ترەمپ بوو لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا و هەروەها لە مێژەوە جولیانی و ترەمپ یەکتر دەناسن.

هەروەها ڕودی جولیانی بەوە ناسراوە کە شاری نیویۆرکی زۆر سەلامەتـتر کردووە بەراورد جاران و لە کاتی هێرشە تێرۆرستیـیەکانی 11 ی سێپتەمبەر زۆر بە هانای خەڵکە لێقەوماوەکەی شارەکەیەوە چووبوو. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2008 لە سەرەتا خۆی بۆ پـۆستی سەرۆکایەتی کاندیدکرد، بەڵام دواتر کشایەوە تاوەکو ڕێ لە بەردەم جۆن مەککەین خۆش بکات بەرامبەر براک ئۆباما بوەستێتەوە.

نیوت گینگرچ سەرۆکی پـێشووی ئەنجومەنی نوێنەران کە ئەویش پـشتیوانێـکی گەورەی ترەمپە و ئێستا یەکێـکە لەوانەی ناویان هاتووە پـۆستی وەزیری دەرەوە بگرنەدەست، دووشەممە بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی فۆکس نیوزی گوت ڕەنگە جولیانی بۆ پـۆستی وەزیری داد یان وەزیری ئاسایشی ناوخۆ باشبێت، بەڵام ئەگەر بێت و بۆ وەزیری دەرەوە دەسـتنیشانبکرێت، ئەوا هەر زۆر باشترێکە.

جگە لە جولیانی و گینگرچ، جۆن بۆڵتن باڵیۆزی پـێشووی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەردەمی جۆرج بوش ئەویش یەکێـکە لە کاندیدەکان بۆ ئەم پـۆستە.

XS
SM
MD
LG