Accessibility links

لە ڕووبەڕووبوونەی شەشەمی کۆماریـیەکان مشتومڕەکان لە نێوان ترەمپ و کروز توندتر دەبن


لە شەشەمین ڕووبەڕووبوونەوەی تەلەفیزیۆنی نێوان کەسایەتیـیە کۆماریـیەکانی خوازیارن ببنە کاندیدی پارتەکەیان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، جارێکی دیکە بابەتە ناوخۆیی و دەرەکیـیەکان خرانەوە بەرباس و مشتومڕی نێوان دۆناڵد ترەمپ و تێد کروز توندتربوون.

کەناڵی تەلەفیزیۆنی فۆکس بزنس Fox Business شەوی پـێـنجشەممە لە ستادیۆمی نۆرث چارلستۆن لە شاری چارلستۆنی ویلایەتی ساوث کارۆلاینا بەرنامەی ڕووبەڕووبوونەوەکەی سازکرد کە لە دوو بەش پـێـکهاتبوو.

بەشی یەکەم کە لە کاتژمێر 6 ی ئێوارە بە کاتی واشنتن بەڕێوەچوو، چوار لەو کۆماریـیانە بەشداریـیان کرد کە لە ڕاوەرگرتنە گشتیـیەکاندا کەمترین پشـتیوانیان لێکراوە، ئەوانیش ( ڕاند پـۆڵ سیناتۆری ویلایەتی کەنتاکی، خانم کارلی فیۆرینا کاردار، مایک هەکەبی فەرمانداری پـێشووی ویلایەتی ئەرکەنساس، ڕێک سانترۆم سیناتۆری پـێشووی پەنسلڤانیا).

بەشی دووەم کە ڕووبەڕووبوونەوە سەرەکیـیەکە بوو، لە کاژمێر 9 ی شەو بە کاتی واشنتن دەسـتیپـێکرد و بەشداربووەکانیش بریتی بوون لە (دۆناڵد ترەمپ کاردار، تێد کروز سیناتۆری ویلایەتی تەکساس، مارکۆ ڕوبیۆ سیناتۆری ویلایەتی فلۆریدا، بێن کارسۆن پـزیشکی نەشتەرگەری مێشک، کرس کرستی فەرمانڕەوای نیوجێرزی، جێب بوش فەرمانڕەوای پـێشووی فلۆریدا، جان کەیسک فەرمانڕەوای ویلایەتی ئۆهایۆ).

پـلانی سەرۆک ئۆباما بۆ توندکردنی یاسا و ڕێساکانی فڕۆشتن و هەڵگرتنی چەک لە ئەمەریکا یەک لەو بابەتە ناوخۆیـیانە بوو کە لە بەشی یەکەمدا قسەی لەسەر کرا.

سەبارەت بە شەڕی دژە تێرۆر، مایک هەکەبی گوتی ئیسلامی ڕادیکاڵ نەک تەنها هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسرائیل یان ئەمەریکا، بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی. گوتیشی پاراستنی ئەمەریکا ئەرکی سەرۆکە.

خانم کارلی لای خۆیەوە گوتی ئەمەریکایـیەکان لە مەسەلەی کۆچبەرانی سوری هەست بە ترس دەکەن و نیگەرانن، بۆیە پـێویستە سیستەمێـکی کۆچبەری بە شێوەیەک دابنرێت کە بەرژەوەندیـیەکانی ئەمەریکا بپارێزێت. پاشان گوتی نابێت ئەمەریکا ڕێبەرایەتی لە گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئێران و ڕووسیا چۆڵ بکات، بەڵکو دەبێت خۆی ڕێبەرایەتی بکات.

لە بەشی دووەم مشتومڕەکان لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و تێد کروز زۆر گەرم بوون. ترەمپ ڕووی دەمی کردە کروز و پـێی گوت تۆ لە دایکبووی وڵاتی کەنەدایت و مافی ئەوەت نیـیە خۆت بۆ پـۆستی سەرۆکایەتی کاندید بکەیت. بەپـێی دەسـتوری ئەمەریکا تەنها ئەوانەی لە ئەمەریکا لە دایکبوون بۆیان هەیە ببنە سەرۆکی ئەمەریکا.

بەپـێی ڕاوەرگرتنە گشتیـیەکان هێشتا دۆناڵد ترەمپ لە پـێشـەنگدایە، بۆیە لە ڕووبەڕووبوونەکەدا گوتی " ئای کە ئەم ڕاوەرگرتنە گشـتیانەم بەدڵە."

لە ئێسـتادا بەشێک لە کۆماریـیەکان لە بەرەوپـێشچوونی ترەمپ نیگەرانن و مەترسیـیان هەیە ئەمە بە قازانجی دیموکراتەکان بکەوێتەوە.

بەشداربووان بلە بەشێـکی قسەکانیاندا ڕەخنەی توندیان لە سیاسەتی دەرەوەی سەرۆک ئۆباما گرت و هێرشیان کردە سەر خانم هێلەری کلنتن کە هەلێـکی زۆری هەیە ببێتە کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی.

جێب بوش گوتی ئەگەربێت و هێلەری ببێتە سەرۆک، ئەوا دەبێتە کارەسات بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا. مارکۆ ڕوبیۆیش گوتی هێلەری لەو ئاستدا نیـیە ببێتە فەرماندەی باڵای ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG