Accessibility links

چالاکوانان: چەند هێرشێـکی ئاسمانی لە ڕەققە کوژرانی 25 کەسی سیڤیلیان لێدەکەوێتەوە


کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی شاری ڕەققە 25 کەسی سیڤیل کوژراون کە شەشیان منداڵن.

کۆمەڵەکە کە بنکەکەی لە بەریتانیایە و پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانان لە ناو سوریا هەیە، ئەمڕۆ چوارشەممە هەواڵەکەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند شەوی ڕابردوو چەند شوێنێـکی شاری ڕەققە بە فڕۆکە بۆردومان کراوە، بەڵام نازانرێت ئایا فڕۆکەکانی هی حکومەتی ئەسەد بوون یان ڕووسیا. باسی لەوەش کرد بە دەیان کەسی دیکەش برینداربوون و ژمارەیەکیان برینەکانیان قورسە.

پاشان ئاماژەی بۆ هێرشێـکی نوێی ئاسمانی کرد کە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە کراوەتە سەر بینای شارەوانی ڕەققە. لە بارەی ئەم بۆردومانەوە گوتی پـێدەچێت لە لایەن هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکاوە ئەنجام درابێت.

مەزەندە دەکرێت لە ئێسـتادا نزیکەی 300 هەزار کەس لە شاری ڕەققە بژین. چالاکوانان دەڵێن داعش ڕێگە نادات خەڵکی سیڤیل شارەکە جێبهێڵن هەتا وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکاریان بهێنێت لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانیـیەکاندا.

XS
SM
MD
LG