Accessibility links

قوباد جه‌لیزاده‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕاگرتنی دیوانه‌ شیعریـیه‌که‌ی ده‌دوێت

  • Haider Karim

قوباد جه‌لیزاده‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕاگرتنی دیوانه‌ شیعریـیه‌که‌ی ده‌دوێت

قوباد جه‌لیزاده‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕاگرتنی دیوانه‌ شیعریـیه‌که‌ی ده‌دوێت

پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی دیوانه‌ شیعری (ستیانی به‌فر پـڕه‌ له‌ ڕیشۆڵه‌) ی نووسه‌ر و شـاعیری کورد قوباد جه‌لیزاده‌، ده‌سه‌ڵاتدارانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردسـتانی عێراق بڕیاری ڕاگرتن و کۆکردنه‌وه‌یان له‌ بازاڕه‌کاندا دا‌.

قوباد جه‌لیزاده‌ له‌ گفتوگۆیه‌کدا له‌گه‌ڵ هاوکارمان حه‌یده‌ر که‌ریم له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت ئه‌مه‌ هه‌شته‌مین کۆمه‌ڵه‌ شیعرێتی که‌ ده‌زگای ئاراس له‌ هه‌ولێر چاپی کردووه‌، به‌ڵام ئه‌م دیوانه‌ به‌ر له‌وه‌ی بکه‌وێته‌ بازاڕه‌وه‌ که‌وتۆته‌ ده‌سـتی یه‌کێـک له‌ مامۆسـتا ئاینیـیه‌کان و له‌ وتاری نوێژی هه‌ینیدا هێرشی کردۆته‌ سه‌ر و به‌ کافری له‌قه‌ڵه‌م داوه‌ و خه‌ڵـکی له‌ دژی هانداوه‌.

قوباد جه‌لیزاده‌ ده‌ڵێت ئه‌و داوا له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردسـتان ده‌کات که‌ به‌ زووترین کات ئه‌م دیوانه‌ی ئازاد بکه‌ن و سـنوورێـک بۆ ئه‌و که‌سـانه‌ دابنێن که‌ ده‌سـت وه‌رده‌ده‌نه‌ کاروباری ڕۆشنبیریه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا ده‌بێت نوسینه‌کان به‌ سـانسۆری که‌سـانی ئاینیدا تێپه‌ڕ بـبن.

پاشـان قوباد جه‌لیزاده‌ ڕه‌خنه‌ له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێم ده‌گرێت له‌وه‌ی هاوسۆزی خۆی له‌گه‌ڵ زانایانی ئاینی ده‌ربڕیوه‌ بۆ‌ ڕاگرتنی بڵاوکردنه‌وه‌ی دیوانه‌که‌ی، ده‌ڵێت ئه‌وه‌ کاری په‌رله‌مان نیـیه‌.

دواتر قوباد جه‌لیزاده‌ ده‌ڵێت ده‌بێت نووسین به‌ نووسین وه‌ڵام بدرێته‌وه‌ نه‌ک به‌ فه‌توا و هه‌ڕه‌شه‌کردن. ده‌شڵێت ئه‌و ئێسـتا ترسی له‌سه‌ر ژیانی خۆی هه‌یه‌ و داوا له‌ حکومه‌تی هه‌رێم ده‌کات بیپارێزن.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی گفتوگۆكه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ، ماوه‌كه‌ی 6:29 خوله‌كه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG