Accessibility links

قەتەر ڕەتی دەکاتەوە لیست بۆ گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا دروستبکرێت


قەتەر دەڵێت لە دژی دروسـتکردنی لیستە بە ناوی گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا، بەر لەوەی وتووێژەکانی ئاشتی دەسـتپێـبکات.

خالد عەتیـیە وەزیری دەرەوەی قەتەر ئەمڕۆ هەینی لە مۆسکۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سێرگێی لاڤرۆڤ هاوتا ڕووسیایـیەکەی گوتی " ئێمە دژی دروسـتکردنی لیستین بە ناوی گروپەکان. ئەوەی گرنگە تێبگەین لەوەی ئەو گروپانە بۆچی چەکیان هەڵگرتووە و ئامانج و مەبەستیان چیـیە."

گوتیشی" ئەگەر شتەکانمان بۆ ڕوون بـبێتەوە، ئەوا دەتوانین بە خاڵێـکی هاوبەش بگەین و هەڵەکان ڕاستبکەینەوە. گرنگ ئەوەیە کار بۆ نەهێشتنی ناکۆکیـیەکان بکەین و پشـتیوانی لە پـرۆسەیەکی سیاسی ڕژد بکەین لە پـێناو کۆتایی‌هێنان بەم تراتیژیایە بەردەوامە."

پاشان گوتی قەتەر پشـتیوانی لە پـێکهێنانی دەسـتەیەکی حوکمڕانی کاتی بۆ سوریا دەکات کە دەسەڵاتی تەواوی هەبێت.

لاڤرۆڤ لای خۆیەوە گوتی هێشتا ڕوون نیـیە کێن ئەوانەی نوێنەرایەتی ئۆپـۆزسیۆن دەکەن لەو دانوسـتاندنە چاوەڕوانکراوەی نێوان حکومەت و ئۆپـۆزسیۆنی سوریا. هەروەها کێشن ئەو گروپانەی پەسەند ناکرێن و لە لیستی تێرۆرستان و توندڕەوان دادەنرێن. بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت هەتا بتوانرێت نوێنەرایەتی ئۆپـۆزسیۆن زۆرترین گروپ و لایەن لەخۆبگرێت.

قەتەر مەترسی هەیە ئەو گروپانەی لە سوریا پشـتیوانی لێکردوون بخرێنە لیستی تێرۆرسـت و توندڕەوانەوە و لە وتووێژەکان دوربخرێنەوە.

XS
SM
MD
LG