Accessibility links

خۆکوژێـک لە قەرەتەپە دەکوژرێت و ڕێوشوێنی توند لە کەرکوک و خورماتو دەگیرێتەبەر


ئەمڕۆ سێشەممە خۆکوژێک لە بازگەى دەروازەى ناحیەى قەرەتەپەى سەر بە پارێزگاى دیالە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە تەقەى لێکرا و کوژرا، هەروەها لە نێو شارى کەرکوک و قەزاى خورماتوى سەر بە پارێزگاى سەڵاحەدینیش هێزە ئەمنیە کوردیەکان بیناو باڵەخانە بەرزەکانیان کۆنترۆڵکردوە لە ترسى ئەوەى نەوەک داعش دزە بکاتە نێویانەوە.

وەهاب ئەحمەد بەرێوەبەرى ناحیەى قەرەتەپە بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەمرۆ خۆکوژێک هەوڵى دا بچێتە نێو ناحیەى قەرەتەپەوە بەڵام هێزە ئەمنیەکان کوشتیان."

وتیشى"هێزە ئەمنیەکان لەسەر باڵەخانە و شوێنە گشتیەکان جێگیر کراون ، چونکە لە دەوروبەرى ناحیەکە جم و جۆڵى داعش هەستى پێدەکرێت."

هەروەها لەقەزاى خورماتوى سەربە پارێزگاى سەڵاحەدینیش هێزە ئەمنیەکان خراونەتە حاڵەتى ئامادەباشیەوە ، بەپێى وتەى بەرپرسەکانى قەزاکەش لەنێو قەزاکەدا خەڵکى گومانلێکراوى زۆر تێدایە.

محەمەد فایەق بەرپرسى قایمقامیەتى خورماتوو، رەتیکردەوە چەکدارى خۆکوژى داعش دزەیکردبێتە ناو قەزاکەیان ، وتى"هێزى ئەمنیش بۆ رێگرتن لەکارى نەخوازراو خراونەتە ئامادەباشیەوە."

هێشتا کاریگەرى روداوەکەى رۆژى هەینى بەسەر شارى کەرکوکەوە ماوە و دەزگا ئەمنیەکان سەرجەم باڵەخانەکانیان کۆنترۆڵکردووە، لەترسى دووبارە بونەوەى دزەکردنى داعش بۆ نێو باڵەخانەکان.

عەمید سەرحەد قادر بەرێوەبەرى پۆلیسى قەزاو ناحیەکانى کەرکوک ، وتى"گومان دەکرێت چەکدارى داعش لەنێو کەرکوکدا مابێت و خۆى حەشار دابێت ، بۆیە گەران و پشکنین بەدوایاندا بەردەوامە."

روداوەکەى رۆژى هەینى رابردوى کەرکوک کاریگەرى لەسەر زۆربەى ناوچە دابراوەکان هەبووە کە لەژێر کۆنترۆڵى هێزە ئەمنیە کوردیەکاندایە ، بۆیە لەسەرجەم ناوچە دابراوەکانى دەوروبەرى کەرکوک هێزەکان خراونەتە ئامادەباشیەوە.

XS
SM
MD
LG