Accessibility links

تەقینەوەیەکی بەهێز شاری قامیشلو دەهەژێنێت و دەیان کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە

  • VOA News

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو لە بەشی ڕۆژئاوای شاری قامیشلو تەقیوەتەوە و زیانێـکی گیانی و مادی گەورەی لێکەوتووەتەوە و بەپـێی ڕاپـۆرتە سەرەتایـیەکان زیاتر لە 50 کەس گیانیان لە دەسـتداوە و 150 کەسی دیکە برینداربوون و ژمارەیەکیش بێ‌سەروشوێنن.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە تیمەکانی فریاکەوتن بە هاوکاری خەڵکی سەرقاڵی دەرهێنانی قوربانیـیەکانن لە ژێر داروپەردوی بینا داڕماوەکاندا.

داعش لەسەر ئنتەرنێت بەرپـرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە ڕاگەیاند.

زانا عومەر پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە نێو بریندارەکاندایە و هەموو ئەندامانی خێزانەکەی برینداربوون و ئامۆزایەکی بێ سەروشوێنە. لە پەیوەندیـیەکی تەلەفۆنیدا گوتی ماڵەکەی و ئۆفیسەکەی بە تەواوی وێران بوون و ئامۆزایەکی چەند خولەکێـک بەر لە تەقینەوەکە لایان بووە و ڕۆیشتووە و لە پاش تەقینەوەکە هیچ ئاسەوارێـکی نیـیە. هەروەها گوتی ماڵێـکی دراوسێـیان هەموو ئەندامانی خێزانەکەیان گیانیان لەدەسـتداوە. سەبارەت بە ناوچەکەش گوتی هەرچی فرۆشگا و بازاڕ و دەرمانخانە و ئۆفیسە لەوێ وێران بوون.

برێت مەکگورک نوێنەر سەرۆک ئۆباما لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش لەسەر تویتەرەکەی خۆی بە توندی هێرشەکەی شەرمەزارکرد و بەڵێنی دا بەردەوامبن لە پشـتیوانیکردنی کوردی سوریا لە شەڕی دژی داعش.

XS
SM
MD
LG