هاوکاتی سەردانە دوو ڕۆژیەکەی پاپا بۆ وڵاتی میسر لە هەوڵی ڕەواندنەوەی نیگەرانییە ئاسایشییەکاندایە بە مەبەستی هێنانە ئارای بەرەیەکی هاوبەشی کریستیان و موسڵمانەکان بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو توندوتیژیانەی بە ناوی خوداوە دەکرێن.
سێ هەفتە پاش هێرشە تێرۆریستیەکانی دەوڵەتی ئیسلامی بۆسەر دوو کڵێسا لە میسر، پاپا ئەمڕۆ هەینی گەیشتە قاهیرە و لەوێش زنجیرەیەک کۆبوونەوەی سیمبۆلی دەکات لەگەڵ ڕێبەرانی سیاسی و ئاینی وڵاتەکەدا.
وەها بڕیارە پاپا فرانسیس لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و هەروەهاش لەگەڵ سەرۆکی کڵێسای ئەرثۆدۆکسەکاندا کۆببێتەوە.
پاپا سەردانی ئەلئەزهەریش دەکات و لەوێش کۆبوونەوەیەکی تایبەتی دەبێت لەگەڵ شێخ ئەحمەد ئەلتەیب و درەنگانێکی ئەمڕۆش هەینی بە شداری لە کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی ئاشتیانەدا دەکات.
ئامانجی سەردانەکەی پاپا بۆ هێنانە ئارای پەیامی ئاشتیانەیە بۆ وڵاتی میسر کە بەردەوام توندڕەوانی ئیسلامی هێرشی وێرانکاریانەی تیادا دەکەن و هەروەهاش بۆ هاندانی کلتوری ڕێزگرتن و سنگفراوانی بەرامبەر کەمایەتیە ئاینیەکان.