Accessibility links

پاپا بێنێدکت پـیرۆزی ژان پـۆڵ ڕاده‌گه‌یه‌نێت

  • Sabina Castelfranco

پاپا بێنێدکت پـیرۆزی ژان پـۆڵ ڕاده‌گه‌یه‌نێت

پاپا بێنێدکت پـیرۆزی ژان پـۆڵ ڕاده‌گه‌یه‌نێت

زیاتر له‌ ملیۆنێـک که‌س گه‌یشـتنه‌ ڕۆما بۆ به‌شـداریکردن له‌ مه‌ڕاسیمی به‌رزڕاگرتنی پاپا ژان پـۆڵی دووه‌می کۆچکردووه‌.

په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا سابینا کاستلفرانکۆ له‌ ڕۆماوه‌ ڕاپـۆرتی له‌و باره‌یه‌وه‌ ناردووه‌ و هاوکارمان به‌ڵێن سـاڵح به‌ کوردی ئاماده‌ی کردووه‌.

ژماره‌یه‌کی بێ شوماری خه‌ڵـک له‌ مه‌یدانی سان پـیته‌رس بوون به‌ مه‌به‌ستی به‌شـداریکردن له‌و مه‌ڕاسیمه‌ تایبه‌ته‌ی له‌ ڤاتیکان بوو بۆ به‌رزڕاگرتنی پاپا ژان پۆڵی دووه‌م به‌ڕێوه‌ده‌چوو.

خه‌ڵـک له‌ سه‌رانسه‌ری جیهانه‌وه‌ نوێژ و نزایان ده‌کرد و ئاڵای وڵاته‌کانیان هه‌ڵکردبوو. زۆربه‌ی ئاماده‌بووان پـۆڵه‌ندی بوون هاتبوون بۆ به‌رزڕاگرتنی کوڕی وڵاته‌که‌یان. بێ له‌و خه‌ڵکه‌ زۆره‌ 90 ده‌له‌گاسیۆنی فه‌رمی و 16 سه‌رۆکی وڵاتیش به‌شـداریان له‌و مه‌ڕاسیمانه‌ی ئه‌مڕۆدا کردبوو.

ماری سیمۆن پـێری فه‌ڕه‌نسی که‌ یه‌کێـکه‌ له‌ قه‌شه‌ ناوداره‌کانی فه‌ڕه‌نسا، ئاماده‌ی ئه‌م مه‌ڕاسیمه‌ بووه‌. خانم سیمۆن وه‌ک بارێـکی سه‌یر له‌ نه‌خۆشی ئیفلیجی چاکبووه‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی ده‌ردی دڵی خۆی گه‌یاندبووه‌ لای پاپا ژان پـۆڵ.

له‌م مه‌ڕاسیمه‌دا پاپا بێنێدکت تایبه‌تمه‌ندیـیه‌کانی پاپا ژان پـۆڵی دووه‌می باس ده‌کرد و له‌ هه‌مان ده‌میشـدا له‌ نێوه‌ندی چه‌پڵه‌ ڕێزانی ئاماده‌بوواندا په‌رده‌ی له‌سه‌ر وێنه‌یه‌کی گه‌وره‌ی پاپا ژان پـۆڵی دووه‌م لادا.

یه‌کێـک له‌ به‌شـداربووانی ئه‌م مه‌ڕاسیمه‌ تایبه‌ته‌ ده‌ڵێت پاپا ژان پـۆڵی دووه‌م که‌سێـکی خۆشه‌ویست و کراوه‌ و گه‌رمگوڕ بووه‌ و ته‌نانه‌ت و ته‌نها به‌ سه‌یرکردنی وێنه‌که‌ی وه‌ک ده‌ڵێت وای لێـده‌کات بیر له‌و خۆشه‌ویسـتیـیه‌ بکاته‌وه‌‌ پاپا ژان پـۆڵ بۆ هه‌موو که‌سێـکی هه‌بووه‌.

پاپا بێنێدکت له‌ وتاره‌که‌یدا پاپا ژان پـۆڵی به‌ نمونه‌ی کوڕی پـۆڵه‌ندا دانا که‌ خاوه‌نی کاریزمایه‌کی گه‌وره‌ بووه‌ و یارمه‌تی خاوه‌ن باوه‌ڕه‌کانی داوه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا سڵ نه‌که‌نه‌وه‌ له‌وه‌ی به‌ کرسچیان ناودێربکرێن.

کاربه‌ده‌سـتانی ڤاتیکان سووربوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌بێت پاپا ژان پـۆڵ بخرێته‌ سه‌ر ئه‌و ڕێـگه‌یه‌ی به‌ره‌و پـیرۆزکردن بـبرێت. ئه‌م مه‌ڕاسیمه‌ تایبه‌ته‌ی ئه‌مڕۆش به‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ پاپا ژان پـۆڵی دووه‌م موعجه‌زه‌یه‌کی هه‌بووه‌، به‌ڵام پـێویسته‌ شـتێـکی تری نائاسایی بۆ بسه‌لمێنرێت، ئه‌وجا ده‌بێته‌ پـیرۆزکراو یان قه‌دیس.

XS
SM
MD
LG