Accessibility links

زانیارى لە بارەى ئەو پێشمەرگانەى داعش گرتەى ڤیدیۆیى سەربڕینیانى بڵاوكردەوە


شەوى رابردوو چەكدارەكانى داعش هێرشێكى گەورەیان بۆ سەر گوندى حومەیرەى باشورى كەركوك ئەنجامدا و لەلایەن پێشمەرگەوە تێكشكێنران، لە هەمانكاتدا كەس و كارى ئەو پێشمەرگانەى داعش گرتەى ڤیدیۆیى سەربرینیانى بڵاوكردەوە پرسەیان بۆ كوڕەكانیان دانا.

خالید تالیب مامى سامى غالیب ، كە یەكێكە لەو 7 پێشمەرگەى داعش گرتەى ڤیدیۆیى سەربڕینیانى بڵاوكردەوە ، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"بینینى گرتەى ڤیدیۆیى سەڕبرینى كوڕەكانمان نائومێدى كردین و دڵنیاین كوڕەكانمان سەربڕدراون ، بۆیە ئەمڕۆ هەینى پرسەمان بۆ كوڕەكەمان دانا."

ئەو حەوت پێشمەرگەى داعش گرتەى ڤیدیۆیى سەربڕینى بڵاوكردنەوە ، سیانیان خەڵكى كەركوكون بە ناوەكانى ( سامى غالیب ، ئاكۆ عەلى ، سۆران محەمەد) كە ڕۆژى 31/2 ى ئەمساڵ لە مەكتەب خالیدى ڕۆژئاواى كەركوک لەلایەن داعشەوە دەستگیركران.

هەروەها دوو پێشمەرگەى تریان خەڵكى دهۆكن بەناوەكانى ( كازم حسێن ، نازى ئەحمەد زوبێر) كە لە ڕۆژى 6/8/2014 لە نزیك قەزاى تلكیف لەلایەن داعشەوە دەستگیركران.

خالید تالیب ، ئاماژەى بەوەكرد كاتێک گرتەى ڤیدیۆیى سەربڕینى كوڕەكانیان بڵاوكرایەوە بەلایانەوە نامۆ نەبووە ، چونكە پێشتر داعش كارى لەو شێوەیەى كردووە، وتى"هەوڵێكى زۆرمان دا لە ڕێگەى هەرێم و لە ڕێگەى عەشایەرە عەرەبە سونەكانەوە بۆ ئازادكردنى پێشمەرگە دیلەكان ، بەڵام داعش رێكخراوێكى تیرۆریستیە بۆیە هەوڵەكانمان سەركەوتوو نەبوون."

لاى خۆیەوە جەبار یاوەر ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگە، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"وەزارەتى پێشمەرگە بەدواداچوون دەكات بۆ ئەو گرتە ڤیدیۆییەى داعش بڵاویكردووەتەوە."

هاوكات شێخ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەى هێزەكانى 70 ى پێشمەرگە، لە لێدوانێكدا بۆ دەنگى ئەمەریكا ، ئاماژەى بەوەكرد داعش شەوى ڕابردوو هێرشێكى فراوانى كردە سەر گوندى حومەیرەى باشورى كەركوک بەڵام لەلایەن پێشمەرگەوە تێكشكێنراون.

سەرۆكایەتى هەرێمى كوردستانیش بەبۆنەى بڵاو بوونەوەى گرتەى ڤیدیۆیى سەربڕینى 7 پێشمەرگەكە ڕاگەیەنراوێكى بڵاوكردەوە و تێیدا گومانى خستە سەر ڕاست و دروستى ئەو گرتەى داعش بڵاویكردەوە بەوەى كە سیناریۆ بێت.

XS
SM
MD
LG