Accessibility links

چەکدارە خۆبەخشەکان و مامەڵەی ناڕونی حكومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵیان


لەدوای هێرشی داعش بۆسەر کوردستان عێڕاق و دەنگدانەوەی تاوانەکانی ئەو گروپە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی بیانی وەکو خۆبەخش ڕویان لە هەرێمی کوردستان کرد و پەیوەندیان بە هێزەکانی پێشمەرگەوە کرد. لەڕاگەیاندنە ناوخۆیی و دەرەکیەکان هاتنی ئەو خۆبەخشانە بۆ ناوڕیزەکانی پێشمەرگە دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە، بەڵام ئەوەی کەمتر باسی لێوەکراوە بریتیە لە مامەڵەی ناڕونی حکومەتی هەرێم لەگەڵیان.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند کە ئەو سەربازە بیانیانە وەکو هاوڵاتی خۆبەخش هاتونەتە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگە و هیچ پەیوەندیەکیان بە وەزارەتی پێشمەرگەوە نییە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە یاساکانی وەزارەتی پێشمەرگە ڕێگە بەوەنادەن کە هیچ مامەڵەیەکی فەرمی لەگەڵ ئەو خۆبەخشە بیانیانە بکەن.

سەبارەت بەسەرچاوەی دارایی خۆبەخشە بیانیەکان و دەنگۆی ئەوەی کەلەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بەنافەرمی هاوکاری دەکرێن، جەبار یاوەر رەتیکردەوە کە وەزارەتەکەیان هیچ هاوکاریەکی دارایی یا سەربازی ئەوانی کردبێت. ئەو وتی، "ئێمە هیچ زانیاریەکمان لەسەر سەرچاوەی دارایی، ڕاهێنان، یا سەربازی ئەو کەسانە نییە چونکە ئەوان لەڕێگەی وەزارەتەوە نەهاتوون بەڵکو بە ناڕەسمی و خۆبەخش هاتوون."

بەڵام هەڵگورد حیکمەت، وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند کە وەزارەتەکەیان "ڕێنمایی تایبەتی" دەرکردووە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خۆبەخشەکان بەشێوەیەك کە هەمان مافی پێشمەرگەیان بۆ مسۆگەرکراوە لەحاڵەتی زامداربوون یا "شەهید" بوونیان.

لەدرێژەی لێدوانەکەی بۆ دەنگی ئەمریکا، هەڵگورد حیکمەت ڕایگەیاند، "لەکاتی برینداربوون یا کەم ئەندام بوونیان هەموو مافی پێشمەرگەیان دەبێت وەکو چارەسەر و مووچە. تەنانەت ئێمە موچەش دەبڕینەوە بۆ خێزانی ئەو خۆبەخشانەی کە شەهید بوون."

تاریق ئەحمەد، جێگری فەرماندەی پێشمەرگە لە کەرکوك، دەنگۆکانی هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ خۆبەخشەکان پشتراست کردەوە و بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند کە خۆبەخشەکان لەلایەن ئەوانەوە خواردن و شوێنی مانەوە و چەکیان بۆ دابیندەکرێت.

سەبارەت بە جۆری چەکەکان، تاریق ئەحمەد وتی "چەکی کڵاشینکۆفیان بۆ دابین دەکرێت لەلاین وەزارەتی پێشمەرگەوە."

چۆنیەتی درێژکردنەوەی کاتی مانەوەی یاسایی خۆبەخشەکان لە کوردستان لەلایەن بەڕێوبەرایەتیەکانی نیشتەجێبوونی هەولێر و سلێمانی بەهەمان شێوە تەمومژواوییە.

بەگوێرەی یاساکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو هاوڵاتییە بیانیانەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن دوای دوو هەفتە پێویستە لە بەرێوەبەرایەتیەکانی نیشتەجێبوون داواکاری پێشکەشبکەن بۆ درێژکردنەوەی کاتی مانەوەیان. یەکێك لە مەرجە یاساییە سەرەکیەکان بۆ ڕەزامەندی درێژکردنەوەی داواکانیان بریتییە لەوەی خۆبەصشەکان لەلایەن دەزگایەک یا ڕێکخراوێك پشتگیری بکرێن.

دەنگی ئەمریکا چاوپێکەوتنی لەگەڵ چەندین خۆبەخشی بیانی ئەنجام دا کە ئاماژەیان بەوەکرد کە فەرمانگەکانی وەزارەتی پێشمەرگە هاوکاریان دەکەن بۆ درێژکردنەوەی کاتی یاسایی مانەوەیان لە کوردستان بۆ سەرووی شەش مانگ.

شێخ یادگار، بەرێوبەری فەرمانگەی نیشتەجێبوونی هەولێر، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند کە "یەکە ئیداریەکان و یەکە سەربازیەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە پشتگیری مانەوەی ئەو خۆبەخشانە دەکەن."

بەڵام جەبار یاوەر ئەم لێدوانانەی ڕەتکرتدەوە و سووربوو لەسەر ئەوەی کە وەزارەتی پێشمەرگە هیچ پەیوەندی بە خۆبەخشەکانەوە نییە. ئەو زیاتر وتی، "نە دۆکومێنت، نە ئامار، نە پشتگیری، و نە هیچ شتێکیان لە ئێمە وەرنەگرتووە. ئێمە هیچ پەیوەندیەکمان پێیانەوە نییە"

بەگوێرەی زانیاریەکانی دەنگی ئەمریکا، بەشێك لە هۆکاری مامەڵەی ناڕونی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆربەی ئەو خۆبەخشانە خەڵکی وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپان کە پەیوەندی نزیکیان هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەشەڕی دژی داعش. ئەم وڵاتانە چونی هاوڵاتیانیان بۆشەڕی داعش لا پەسند نییە بەشێوەیەك هەندێ وڵاتی وەکو ئوسترالیا سزای قورسی ئەو هاوڵاتیانەیان دەدەن کە دەچنە سوریا و عێراق بۆ بەشداری کردن لە شەڕ.

سەبارەت بەم بابەتە دەنگی ئەمریکا پەیوەندی بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆنەوە کرد، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون لێدوان بدەن.

هۆکارێکی تر بۆ ناڕونی و لێدوانە دژ بەیەکەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە چەکدارە خۆبەخشە بیانیەکان دەگەڕێتەوە بۆ کۆنی یاساکانی ناو وەزارەت کە هیچ ئاماژە بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ چەکداری خۆبەخش نادەن.

هەڵگورد حیکمەت، وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەم بارەیەوە بەدەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند کە وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر ئەو یاسایانە مامەڵە دەکات کە پێش شەڕی داعش هەبوون وهیچ یاسایەکی نییە بۆ دیاری کردنی چونیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خۆبەخشەکان. ئەو ڕایگەیاند، "ئەمە حاڵەتێکی نەشازە کەلەئەنجامی شەڕی داعشەوە سەری هەڵداوە."

هەروەها ئاماژەشی بەوەدا کە لەکوردستان جگە لە خۆبەخشی بیانی ژمارەیەکی زۆر لەخۆبەخشی ناوخۆش هەن کە بەهەمان شێوە بەفەرمی لەلایەن وەزارەتەکەیانەوە مامەڵەیان لەگەڵ ناکرێت .بەگوتەی ئەو، "لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە بۆچون هەبوو کەئەم خۆبەخشانە ڕێکبخرێن و موچەیان پێبدرێت بەڵام ئەمانە تەنیا بۆچون بوون و نەچونە بواری جێبەجێ کردنەوە چونکە دەرکردنی یاسا بۆ ئەم بابەتە پێویستی بە بڕیارێکی سیاسی هەیە."

XS
SM
MD
LG