له خولی پێشووی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستاندا ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌نگیان به ده‌ستور دا به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و ڕیفراندۆمه‌ی پێویسته له‌سه‌ری بکرێت ، نه‌کراوه.
ڕای جیاواز زۆرن له‌سه‌ر ده‌ستوری هه‌رێمه‌که، هه‌ندێک له‌و بڕوایه‌دان پێویسته زوو به زوو خه‌ڵک ده‌نگی پێبدات و هه‌رێم ببێته خاوه‌ن ده‌ستور. هه‌ندێکیش بڕوایان وایه کاتێک له کۆتاییه‌کانی مانگی شه‌شی ساڵی دوو هه‌زار و نۆدا ده‌نگ له‌سه‌ر ده‌ستور درابوو واده‌ی ئه‌و خوله‌ی په‌رله‌مان به‌سه‌ر چووبوو.
هه‌ر له ناو په‌رله‌مانی هه‌رێمدا ئێستا ده‌نگ هه‌ن که پێیان وایه به‌نده‌کانی ئه‌و ده‌ستوره پێویستی به پێداچونه‌وه هه‌یه و به پێویستیشی ده‌زانن ئه‌و ده‌ستوره هه‌موار بکرێته‌وه ئه‌وجا بخریته ڕیفراندۆمه‌وه.
که‌میش نین ئه‌وانه‌ی له په‌رله‌ماندا ده‌ڵێن "نا با ریفراندۆم له‌سه‌ر ده‌ستوره‌که بکرێت ئه‌وجا له کۆبونه‌وه‌کانی په‌رله‌ماندا هه‌وڵ بۆ هه‌موار کردنه‌وه‌ی بدرێت".
ئه‌و کاته‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستانی عێراق له په‌رله‌ماندا په‌سه‌ند کرا، ئۆپزسیۆن بوونی نه‌بوو، به‌ڵام ئێستا ئۆپزسیۆن به‌شێکی گرنگه له ناو په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌که‌دا.
له‌و پڕۆژه‌یه‌ی لایه‌نه‌کانی ئۆپزسیۆن (بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان – یه‌کگرتووی ئیسلامی – کۆمه‌ڵی ئیسلامی) بۆ چاکسازی خستویانه‌ته به‌رده‌م لایه‌نه‌کانی ده‌سه‌ڵات و ڕای گشتیش ، یه‌کێک له خاڵه‌کان گێڕانه‌وه‌ی ده‌ستوره بۆ په‌رله‌مان و هه‌موار کردنه‌وه‌یه‌تی ، ئه‌وجا ڕیفراندۆمی له‌سه‌ر بکرێت.
له 2009 دا هه‌ردوو لایه‌نی کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتووش ئه‌و ده‌ستوره‌یان په‌سه‌ند کرد.
عه‌بدولسه‌لام به‌رواری، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هه‌رێم له‌سه‌ر لیستی کوردستانی: هه‌ر یاسایه‌ک له په‌رله‌ماندا ده‌نگی له‌سه‌ر درا جارێکی تر گفت و گۆی له‌سه‌ر ناکرێته‌وه.
دکتۆر ڕه‌فیق سابیر، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هه‌رێم له‌سه‌ر لیستی کوردستانی: پڕۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێم له‌ناو په‌رله‌ماندا زۆر به خێرایی بڕیاری له‌سه‌ر درا و پێویستیشه پێداچونه‌وه‌ی به‌سه‌ردا بکرێت به‌تایبه‌تیش له ده‌سه‌ڵاته‌کانی پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێمدا.
کاردۆ موحه‌مه‌د، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هه‌رێم له‌سه‌ر لیستی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان: ئه‌م ده‌ستوره‌ی هه‌رێم چ وه‌ک کاته‌که‌ی و چ وه‌ک به‌ڕێکردنه‌که‌شی جۆرێک له هاندانی سیاسی پێوه دیاره.
عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هه‌رێم له‌سه‌ر لیستی یه‌کگرتوی ئیسلامی کوردستان: نابێت شیانی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌ستور باسبکرێت چونکه پێچه‌وانه‌ی بڕیاری په‌رله‌مانه.
زۆرێک له ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی هه‌رێم پێیان وایه پێویسته گۆڕانکاری له هه‌ندێک له به‌نده‌کانی ده‌ستوری هه‌رێمه‌که‌دا بکرێت، به‌ڵام جیاوازی له‌سه‌ر چۆنیه‌تی گۆڕانکاریکردنه‌کان هه‌ن، وه‌لێ هێشتاش نازانرێت ئایا ئه‌م پرسه‌ش ده‌بێته مایه‌ی قه‌یرانێکی تری سیاسی له هه‌رێمه‌که‌دا یان گفت و گۆکان هه‌ر له چوارچێوه‌ی باسکردنی یاساییدا ده‌مێننه‌وه.
ده‌توانن له ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی پانۆراما بن که ماوه‌که‌ی 13:35 خوله‌که.