بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له هه‌رێمی کوردستانی عێراق، پڕۆژه‌یه‌کی نوێ ده‌خاته به‌رده‌م گه‌وره به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، بۆ چاکسازی سیاسی له هه‌رێمه‌که‌دا، که دوازده خاڵی له خۆگرتووه، له‌وانه به‌شداری پێکردنی گشتی بۆ هه‌موو ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی په‌یوه‌ندییان به چاره‌نوسی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه هه‌یه، چالاککردنی ڕۆڵی چاودێریی په‌رله‌مان، یه‌کخستنه‌وه‌ی هێزه ئاسایشیه‌کان، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو جۆره سزایه‌کی سیاسی به یاسا، سڕینه‌وه‌ی سیمای دوو ئیداره‌یی له هه‌رێمه‌که‌دا و چه‌ندان خاڵی تریش که په‌یوه‌ندییان به دابینکردنی داراییه‌وه هه‌یه هه‌م بۆ لایه‌نه سیاسیه‌کان و هه‌میش بۆ ئه‌و ڕێکخراوانه‌ی سه‌ر به لایه‌نه سیاسیه‌کانن.
ئه‌م پڕۆژه چاکسازیه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له ده‌مێکدایه که هاوبه‌ندی فراکسیۆنه کوردستانیه‌کان له به‌غدا له وتووێژی به‌رده‌وامدان بۆ پێکهێنانی هاوپه‌یمانێتیکردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه سه‌رکه‌وتووه‌کانی هه‌ڵبژاردنی عێراقدا.
ئه‌م پڕۆژه چاکسازیه سیاسیه وه‌ک بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان باسی کردووه له مانگی هه‌شته‌وه خستویه‌تیه به‌رده‌ست کاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمی کوردستانی عێراقه‌وه.
به‌پێی ڕای زۆرێک له چاودێران، هه‌موو پێشنیازێک بۆ چاکسازی سیاسی له هه‌رێمه‌که‌دا، له هه‌ر هه‌ل و مه‌رجێکدا بێت جێی خۆی ده‌گرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جیاوازی له‌سه‌ره ئه‌وه‌یه که ده‌گوترێت ناکرێت چاکسازیه‌کان ببنه کارتی فشار بۆسه‌ر یه‌کدی.
- عه‌بدوڵای مه‌لا نوری، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر لیستی گۆڕان: کارێکی ئاساییه ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی فراکسیۆنی گۆڕان ئاگاداری ئه‌و پڕۆژه‌یه نه‌بووبن و ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به ڕوونی و ئاشکراییه‌وه نییه.
- عه‌بدولسه‌لام به‌رواری، ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی کوردستانی له په‌رله‌مانی هه‌رێم: خستنه ڕووی ئه‌م پڕۆژه‌یه له‌م کاته‌دا هۆکاری خۆی هه‌ن.
- سه‌رهه‌نگ فه‌ره‌ج ، په‌رله‌مانتاری گۆڕان له هه‌رێمی کوردستان: باسکردنی چاکسازی سیاسی ئه‌گه‌ر له ناو په‌رله‌مانیشدا نه‌بێت شتێکی ئاساییه.
- عه‌دنان عوسمان، سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی هه‌رێم: پڕۆژه‌ی چاکسازی سیاسی، نه‌ک هه‌ر په‌یوه‌ندی به هاوده‌نگیه‌وه هه‌یه، به‌ڵکو په‌یوه‌ندیه‌کی زۆریشی هه‌یه به ئایندهی هاوبه‌ندی فراکسیۆنه کوردستانیهکانیشهوه.
- سۆزان شه‌هاب، سه‌رۆکی فراکسیۆنی کوردستانی له په‌رله‌مانی هه‌رێم: تێبینی زۆرن له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی گۆڕان و ده‌بێت پڕۆژه‌کان بۆ جاکسازی له ڕێی په‌رله‌مانه‌وه پێشکه‌شبکرێت ، نه‌ک له ڕێی لایه‌نه‌کانه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی هۆڵی په‌رله‌مانه‌وه.
ده‌توانن له ڕیی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی پانۆراما بن که ماوه‌که‌ی 13:11 خوله‌که.