Accessibility links

پانۆراما: مافه‌کانی مرۆڤ له‌ عێراق

  • Balen Salih

پانۆراما: مافه‌کانی مرۆڤ له‌ عێراق

پانۆراما: مافه‌کانی مرۆڤ له‌ عێراق

ڕێکخراوی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ بنکه‌ له‌ نیویۆرک ، له‌م هه‌فته‌یه‌دا ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی خۆی سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشی مافی مرۆڤ له‌ جیهاندا بڵاوکرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پێشێلکاریانه‌ی له‌ وڵاتانی جیهاندا به‌رامبه‌ر مافه‌کانی مرۆڤ ده‌کرێن.

له‌سه‌ر عێراق ئه‌م ڕێکخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ی مافه‌کانی مرۆڤ ده‌ڵێت ، ڕه‌وشی مافه‌کانی مرۆڤ له‌ عێراقدا و له‌ ساڵی دوو هه‌زار و ده‌دا به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رچاو به‌ خراپی ماوه‌ته‌وه‌ و به‌تایبه‌تیش بۆ ڕۆژنامه‌وانان و گیراوه‌کان و ئاواره‌کانی ناوخۆی وڵاته‌که‌ و که‌مایه‌تیه‌ ئاینی و نه‌ژادیه‌کانی عێراقیش.

له‌ ڕاپۆرته‌که‌دا باسیش له‌ بارودۆخ و گوزه‌رانی ژنان و کچانی عێراقیش کراوه‌.

ڕێکخراوی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ ده‌ڵێت له‌ هه‌موو قه‌یرانه‌کانی عێراقدا، خه‌ڵکی سیڤیڵ زیانی زۆریان پێکه‌وتووه‌ و وه‌ک ده‌ڵێت له‌ یه‌ک مانگدا سه‌دان که‌سی سیڤیڵ له‌و وڵاته‌دا به‌هۆی قه‌یرانه‌کانه‌وه‌ کوژراون و بریندار بوون و هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایکردووه‌ که‌ زۆرێکیان وڵاته‌که‌ جێبهێڵن یان ئاواره‌ی ناوخۆی عێراق بن.

ئینتیسار عه‌لی خدر ، ئه‌ندامی لیستی ئه‌لعێراقیه‌ له‌ په‌رله‌مانی وڵاته‌که‌ ده‌ڵێت ، پێشێلکاری مافی مرۆڤ له‌ عێراقدا شتێکی نوێ نییه‌ و گه‌لی عێراق مه‌ینه‌تیه‌کی زۆری بینیوه‌ به‌هۆی پێشێلکاری مافه‌کانی مرۆڤه‌وه‌.

بار و گوزه‌رانی گیراوه‌کان له‌ عێراقدا ، به‌شێکی تری ڕاپۆرته‌که‌ی ڕێکخراوی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤه‌ و جه‌خت له‌وه‌ش ده‌کاته‌وه‌ له‌ ساڵی دووهه‌زار وده‌دا به‌شێوه‌یه‌کی به‌رفراوان له‌ گرتوخانه‌کانی عێراقدا ئه‌شکه‌نجه‌ی گیراوه‌کان دراون.

حسێن کازم موسا ، ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی نیشتیمانییه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق و ده‌ڵێت مه‌سه‌له‌ی ئه‌شکه‌نجه‌دان به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌ وه‌ک له‌ ڕاپۆرته‌که‌دا باسکراوه‌ و زۆر گه‌وره‌ کراوه‌.

ڕێکخراوی چاودێری مافه‌کانی مرۆڤ ، به‌ ئامار مه‌سه‌له‌ی ئه‌شکه‌نجه‌دانی له‌ ناو زیندانه‌کانی عێراقدا بڵاوکردۆته‌وه‌ و وه‌ک ده‌ڵێت زانیاریه‌کان له‌سه‌ر بنچینه‌ی دیمانه‌کردن بووه‌ له‌گه‌ڵ 42 گیراودا که‌ ئه‌شکه‌نجه‌ دراون.

عه‌بدولسه‌لام مه‌ده‌نی ، چالاکوانێکی سیڤیڵیه‌ و ده‌ڵێت بۆ باشترکردنی ڕه‌وشی مافه‌کانی مرۆڤ ، نابێت گره‌و له‌سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی عێراق بکرێت.

له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک مه‌سه‌له‌ی تری وه‌ک پێشێلکاریه‌کان به‌رامبه‌ر که‌مایه‌تیه‌ ئاینی و نه‌ژادیه‌کان ، ڕێکخراوی چاودیری مافه‌کانی مرۆڤ ، باسیش له‌ ڕه‌وشی ژنان و ئافره‌تانیش ده‌کات له‌ عێراق و له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا و چۆن جیاوازی جێنده‌ری له‌و وڵاته‌دا دیسان بۆته‌ پێشێلکاری به‌رامبه‌ر مافه‌کانی مرۆڤ.

هاژه‌ سلێمان ، جێگری سه‌رۆکی لیژنه‌ی به‌رگریه‌ له‌ مافه‌کانی ژنان و ئافره‌تان له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ندێک به‌ره‌وپێشچون له‌ هه‌رێمی کوردستانی عێراق هه‌ن بۆ مه‌سه‌له‌کانی ئافره‌تان و ژنان ، به‌ڵام له‌ ناوه‌ڕاست و باشوری عێراق ئه‌و به‌ره‌و پێشچونانه‌ نین.

ده‌توانن له‌ ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی پانۆراما بن که‌ ماوه‌که‌ی 14:32 خوله‌که‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG