Accessibility links

24 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و چه‌ند مانگێک به‌ر له‌ کۆتایی هاتنی شه‌ڕی عێراق ئێران، حکومه‌ته‌که‌ی سه‌دام حسێن که‌وته‌ ناردنی له‌شکره‌ تایبه‌ته‌کانی خۆی له‌ پاسه‌وانانی کۆماری و هێزی تایبه‌ت و هێزه‌ سه‌ربازیه‌کانی تری بۆ کوردستانی عێراق به‌ مه‌به‌ستی ده‌ستپێکردنی شاڵاویکی نوێی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ناوچه‌ ئازادکراوه‌کانی ئه‌و کاته‌ که‌ هێزه‌ ئۆپزسیۆنه‌کانی کوردستانی عێراقی تیادا بوون.

ئه‌م شاڵاوه‌ به‌و ئامانجه‌ بوو تا لایه‌نه‌ سیاسیه‌ ئۆپزسیۆنه‌کان له‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌وه‌ هه‌ڵکێشێت.

شاڵاوه‌کانی ئه‌نفال هه‌ر خۆیان بوونه‌ سه‌لماندن که‌ ئه‌و هێرشانه‌ بۆ له‌ناوبردنی گه‌لی کورد بوون نه‌ک هه‌ر ته‌نها له‌ناوبردنی لایه‌نه‌کانی ئۆپسیۆنی کورد. به‌ڵگه‌نامه‌کانی له‌ پاش ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی ساڵی 1991 ئاشکرا بوون، نیشانی ده‌ده‌ن له‌و قۆناغه‌ی یه‌که‌می ئه‌نفالدا نزیکه‌ی 182000 کورد ئه‌نفال کران و له‌ بیابانه‌ کاکی به‌ کاکیه‌که‌ی باشوری عێراقدا ده‌کوژران و له‌ گۆڕی به‌ کۆمه‌ڵدا ده‌شاردرانه‌وه‌، یانیش زینده‌ به‌چاڵ ده‌کران.

له‌ ئه‌نفالدا هه‌زاران گوند له‌گه‌ڵ زه‌ویدا ته‌خت کران، هه‌زاران کانیاو کوێرکرانه‌وه‌ ، ژینگه‌ی کوردستان به‌هۆی به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیایی و چه‌کی تریشه‌وه‌ ناساز کرا.

ئه‌نفال بۆ ئه‌نفال کردنی میلله‌تێک بوو ، چونکه‌ به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌کان قۆناغێکی تریشی هه‌بوو بۆ لێدان و گورز وه‌شاندن له‌ شاره‌کانی کوردستان.

له‌ پاش پرۆسه‌ی ڕزگارکردنی عێراق له‌ ساڵی 2003 دا یه‌کێک له‌و دۆسێیانه‌ی چووه‌ دادگای باڵای تاوانه‌کانی عێراقه‌وه‌ دۆسێی ئه‌نفال بوو وه‌ له‌وێش ئه‌م تاوانه‌ به‌ ژینۆساید ناسێنرا.

هێشتا پرۆسه‌ی دادگایی کردنی ئه‌نفال کۆتایی نه‌هاتووه‌ ، ئه‌و لیستی ناوی گومانبارانه‌ی له‌ دادگای باڵای تاوانه‌کانه‌وه‌ له‌ عێراق ده‌رچووه‌ هێشتا نه‌ دادگایی کراون و نه‌ گومانباران چوونه‌ته‌ به‌رده‌م دادگا.

پارێزه‌ر ناسیح حه‌مه‌ حسێن ، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی پارێزه‌ران له‌ داواکارانی مافی که‌سێتی : نه‌ مێژوو نه‌ سندوقی ده‌نگدان ڕه‌حم به‌و که‌س و لایه‌نانه‌ ناکه‌ن که‌ داڵده‌ی گومانبارنی دۆسێی ئه‌نفال ده‌ده‌ن.

دکتۆر ئاراس عه‌بدولکه‌ریم ، سه‌رۆکی سه‌نته‌ری دیالۆگ : ئه‌نفال ته‌نانه‌ت نه‌بووه‌ به‌ به‌شێک له‌ بیرکردنه‌وه‌ی ده‌سته‌بژێری (نوخبه‌) سیاسی ئێمه‌.

وه‌زیره‌ جه‌لال ، سه‌رۆکی ڕێکخراوی ژیانی نوێ بۆ ژنانی ئه‌نفال: به‌ بێ هیچ گومانێک ئێستاش خانمانی ئه‌نفال له‌ ڕه‌وشێکی ده‌روونی زۆر زۆر خراپدان.

خدر دوملی ، ڕۆژنامه‌وان : نه‌ هه‌ر میدیای کوردی به‌ڵکو بواری په‌روه‌رده‌ش که‌مته‌رخه‌مه‌ له‌ ئاشناکردنی نه‌وه‌ی نوێ به‌ ئه‌نفال.

ئه‌نفال خه‌مێکی گه‌وره‌ی نیشتیمانێکی ماندووی خاک سوتاوه‌ ، بۆیه‌ ئه‌و ئه‌نفاله‌ی به‌ مه‌به‌ستی سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک و تێکشکاندنی سایکۆلۆژیه‌تی مرۆڤی کورد کرا، پێویسته‌ له‌مڕۆدا ببێته‌ شوناسی هه‌ڵسانه‌وه‌ و هه‌نگاوێکی سه‌ره‌کیش بۆ دیاریکردنی ئه‌و شوناسه‌ به‌ سزا گه‌یاندنی تاوانبارانی ئه‌نفاله‌.

ده‌توانن له‌ ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ گوێبیستی ته‌واوی به‌رنامه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی پانۆراما بن که‌ ماوه‌که‌ی 11:51 خوله‌که‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG