ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی ڕابردوو ، 4 ی پـێـنجی 2010، له به‌رده‌م به‌شی زمانه‌کانی کۆلێژی ئه‌ده‌بیاتی زانکۆی سه‌ڵاحه‌دین له شاری هه‌ولێر پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ڕۆژنامه‌وانی لاو ((سه‌رده‌شت عوسمان)) که خوێندکاری قۆناغی چواره‌می به‌شی زمانی ئینگلیزی بوو له لایه‌ن ژماره‌یه‌ک چه‌کداره‌وه ده‌ڕفێندر‌ێت و دوو ڕۆژ دواتر له ڕۆژی 6 ی پـێنج وه‌ک ڕۆژنامه‌ی نیویۆرک تایمز له زاری( سه‌ردار عوسمان ) برای سه‌رده‌شته‌وه ده‌ڵێت ته‌له‌فونێکیان بۆ کراوه و ئاگادارکراونه‌ته‌وه که ته‌رمی براکه‌ی له‌به‌رده‌م باره‌گاکانی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستاندا له پارێزگای موسڵ بینراوه‌ته‌وه.
له ڕوانگه‌ی ئازادیه‌کانی ڕاده‌ربڕین و بیروبۆچونه‌وه (( سه‌رده‌شت عوسمان )) هه‌رچیه‌کی نوسێبێت و یانیش به نیاز بوبێت هه‌رچیه‌ک بنوسێت نابێته پاکانه یان بیانوو بۆ ڕفاندنی و ئه‌وجاش کوشتنی.
یه‌ک ڕۆژ پاش ڕفاندنه‌که‌ی سه‌رده‌شت خوێندکارانی زانکۆی سه‌ڵاحه‌دین ژماره‌یه‌ک یاداشتیان گه‌یانده لای لایه‌نه په‌یوه‌ندداره‌کان تا چاره‌نوسی هاوپۆله ته‌مه‌ن 23 ساڵه‌که‌یان بزانن.
کوژرانی ئه‌م ڕۆژنامه‌نوسه له کاتێکدایه که تائێستاش ده‌سه‌ڵاتداران تاوانباران و بکوژانی ڕۆژنامه‌وان (( سۆران مامه حه‌مه ))یان ئاشکرا نه‌کردوه.
کوژرانی(( سه‌رده‌شت عوسمان )) ی ڕۆژنامه‌وان کاردانه‌وه‌ی به دوای خۆیدا هێناوه له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی و ناوخۆییش.
( دکتۆر دلاوه‌ر عه‌لاوه‌دین) ، وه‌زیری خوێندنی باڵا له حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌ڵیت ته‌واوی دۆسێی کوژرانه‌که‌ی(( سه‌رده‌شت عوسمان )) له لای وه‌زاره‌تی ناوخۆی حکومه‌تی هه‌رێمه.
( کاروان ساڵح ) ، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستانی عێراق ده‌ڵێت ڕفاندنه‌که له‌به‌رده‌م شوێنی خوێندنه‌که‌ی وه به به‌رچاوی ئاسایشه‌وه بووه.
( که‌مال ڕه‌ئوف ) سه‌رنوسه‌ری ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی نه‌ک هه‌ر کوژرانی ڕۆژنامه‌وانان به‌ڵکو پێشێلکاریه‌کانی تریش به‌رامبه‌ر به ڕۆژنامه‌وانان له هه‌رێمه‌که‌دا به کارێکی ترسناک و به کارێکی به به‌رنامه‌شی ده‌زانێت.
( زیره‌ک که‌مال ) سه‌رۆکی ده‌سته‌ی داکۆکیکردن له ڕۆژنامه‌وانان له سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌وانانی هه‌رێمی کوردستان ده‌ڵێت له په‌یوه‌ندیه‌کانی که کردونی به کاربه‌ده‌ستانی گوتوه ئه‌م ڕه‌فتارانه جێی قایل بوون نییه و ده‌بێت کاری وردی بۆ بکرێت تا وه‌ک دۆسێکه‌ی ( سۆران مامه حه‌مه ) بزر نه‌بێت.
کاربه‌ده‌ستانی ئاسایشی له شاری هه‌ولێر ، یان وه‌ڵامی په‌یوه‌ندیه ته‌له‌فونیه‌کانیان نه‌ده‌دایه‌وه یان ده‌یانگوت له ئێستادا ئاماده نین هیچ قسه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌م دۆسێیه بکه‌ن، ته‌نها یه‌کێکیان نه‌بێت به‌و مه‌رجه‌ی ناوی نه‌هێنرێت و ده‌نگیشی بڵاو نه‌کرێته‌وه زانیاریه‌کی که‌می دا به به‌رنامه‌ی پانۆراما سه‌باره‌ت به لێکۆڵینه‌وه‌کان.
ده‌توانن گوێبیستی به‌رنامه‌که بن له ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ که ماوه‌که‌ی 13:45 خوله‌که.