تا ئاماده‌کردنی ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ش هێشتا هیچ دوو لایه‌نێکی عێراقی له پاش کۆبونه‌وه به‌رده‌وامه‌کانیانه‌وه نه‌گه‌یشتونه‌ته ئه‌و قۆناغه‌ی که بگوترێت له واده‌یه‌کی دیاریکراودا هاوپه‌یمانێتیکردن ڕاده‌گه‌یه‌نن. کۆبونه‌وه‌کان له ده‌ره‌وه و له ناوه‌وه‌ی عێراقیش درێژه‌یان هه‌یه، ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه هاوکاتی نزیک بوونه‌وه‌ی دوو لیست یان قه‌واره‌ی سیاسی لایه‌ن هه‌ن ده‌نگی ناڕه‌زاییان لێ به‌رزده‌بێته‌وه و ئه‌و لێک نزیکبونه‌وانه به مه‌ترسی داده‌نێن.
به‌پێی ڕای زۆرێک له چاودێران لیسته‌کانی ده‌وڵه‌تی یاسا و هاوپه‌یمانێتی نیشتیمانی عێراقی، ئه‌گه‌ر له ڕووی سیاسیشه‌وه دووربن له یه‌ک به‌ڵام له ڕووی ئاینزاییه‌وه یه‌کده‌گرنه‌وه و ئه‌مه‌ش ئه‌و خاڵه هاوبه‌شه‌ی نێوانیانه که وه‌ک ده‌گوترێت زه‌مینه‌یه‌کی تۆکمه‌یه بۆ هاوپه‌یمانێتیکردن. له‌ولاشه‌وه لیستی ئه‌لعێراقیه‌ی دکتۆر ئه‌یاد عه‌لاوی که به‌پێی ئه‌نجامه به‌راییه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی حه‌وتی سێی وڵاته‌که خاوه‌نی نه‌وه‌ت و یه‌ک کورسی په‌رله‌مانی داهاتوی عیراقه ئه‌و جۆره نزیک بونه‌وه‌یه‌ی ده‌وڵه‌تی یاسا و هاوپه‌یمانێتی نیشتیمانی به مه‌سه‌له‌یه‌کی ترسناک ده‌زانێت و به دوریشی نازانێت کاردانه‌وه به دوای خۆیدا بێنێت.
وه‌ک شیکه‌ره‌وه باسی ده‌که‌ن لیستی ئه‌لعێراقیه ئه‌م هه‌نگاوه به له په‌راوێزنانی ئه‌لعێراقیه داده‌نێت و ئاشکرایانه‌ش باس له‌وه ده‌کات گرتنه‌به‌ری هه‌نگاوێکی له‌شێوه‌یه گێڕانه‌وه‌ی عێراقه بۆ ناو تایفه‌گه‌رایی و شه‌ڕی تایفه‌یی له عێراقدا.
ده‌توانن گوێبیستی ده‌قی به‌رنامه‌که بن له‌ڕێی کلیککردنی ئه‌و فایله ده‌نگیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته چه‌پ، ماوه‌که‌ی 12:16 خوله‌که.