Accessibility links

داعش زانایەکی ئاسەواری مێژوویی لە سوریا سەردەبڕێت


داعش زانایەکی ئاسەواری مێژوویی لە سوریا سەربڕیوە بە تاوانی گوایە پەیوەندی بە حکومەتی ئەسەدەوە هەبووە و هەروەها بەڕێوەبەری ئاسەواری تەدموریش بووە.

مەئمون عەبدولکەریم بەڕێوەبەری گشتی ئاسەواری سوریا ڕۆژی چوارشەممە بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی گوت دکتۆر خالد ئەلئەسعەد تەمەن 82 سـاڵ بەڕێوەبەری ئاسەواری مێژوویی شاری تەدمور، ڕۆژی سێشەممە لە لایەن داعشەوە سەربڕاوە.

گوتیشی پاشان تەرمەکەیان بە عەمودێـکی کارەبای شارەکە هەڵواسیوە و کەلە سەرەکەیان لەبەردەم داناوە و لەسەر کارتۆنێک نووسیویانە پیاوی حکومەت بووە و بەڕێوەبەری "بتەکان" بووە.

کۆمەڵەی سوریا بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئەویش هەواڵەکەی پشـتڕاستکردەوە و گوتی پاش نیوەڕۆی سێشەممە داعش لە بەردەم چاوی دەیان کەسی خەڵکی شاری تەدمور تاوانەکەی ئەنجامداوە، ئەمەش پاش ئەوەی بۆ نزیکەی مانگێـک بوو دەسـتگیریان کردبوو.

هەروەها کۆمەڵەکە وێنەی ڕووداوەکەی لەسەر ماڵپەڕەکەی بڵاوکردووەتەوە.

جێی ئاماژەیە دکتۆر خالد ئەلئەسعەد بۆ ماوەی 50 سـاڵ بەڕێوەبەری ئاسەواری تەدمور بووە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە نێو زاناکانی ئاسەواردا ناسراوبووە و لەگەڵ چەندان تیمی ئەمەریکایی و فەڕەنسی و ئەڵمانی کاری کردبوو.

XS
SM
MD
LG