Accessibility links

چەکدارانی تالیبان هێرش دەکەنە سەر بنکەیەکی ئاسمانی پاکستان


لە دەمێکی زووی ئەمڕۆ هەینی گروپێک لە ملیتانانی تالیبان پەلاماری بنکەیەکی ئاسمانیان لە ناوچەی باکوری خۆرئاوای پاکستان داوە و بەلای کەم 17 کەسیان کوشتووە و چەندانی دیکەیان بریندارکردووە.

ئاسف باجاو وتەبێژی لەشکری پاکستانی دەڵێت هێزێکی کاردانەوەی خێرا لە بنکەی ئاسمانی بادەبار لە نزیک پـیشاوەر بەرەنگاری هێرشبەرانی تالیبانی پاکستانی بوونەوە و هەموو 13 هێرشبەرەکیان کوشتووە. ناوبراو گوتیشی کە لە بەرەنگاربوونەوەکەدا ئەفسەرێکی پاکستانی کوژرا و هەروەها 10 سەربازیش برینداربوون.

وتەبێژە لەشکریەکەی پاکستان ئاماژەی بەوەشکرد کە ملیتانانی تالیبان جلوبەرگی هێزەکانی نیمچە لەشکریان پۆشیبوو ، دەشڵێت هێرشبەران بە دوو گروپی جیا چووبوونە نێو خانوبەرەی نیشتەجێبوونی بنکە ئاسمانیەکەوە.

گوتیشی چەکدارەکانی تالیبان هەڵیان‌کوتابووە سەر مزگەوتی نێو بنکە ئاسمانیەکە لەو کاتەی کارمەندەکان سەرگەرمی نوێژی بەیانی بوون و 17 کەسیان لە نوێژکەران کوشتووە.

جەنەراڵی پاکستانی رەحیل شەریف سەردانی بنکەکەی کرد دوای کۆتایی‌هاتنی گەمارۆی سەر بنکەکە کە سێ کاتژمێری خایاند. لە میانەی سەردانەکەیدا چاوی بە پـیاوانی ئاسایش کەوت.

هاوکات موحەمەد خوراسانی وتەبێژی گروپی تالیبانی پاکستانی گوتویەتی هێرشبەرە خۆکوژەکان گەمارۆی دەیان کەسیان لە بنکەکە دابوو و زۆربەیان کوشتوون.

XS
SM
MD
LG