Accessibility links

هێرشێـکی خۆکوژی لە بەردەم نەخۆشخانەیەکی پاکستان کوژرانی زیاتر لە 63 کەسی لێدەکەوێتەوە

  • VOA News

لە بەردەم نەخۆشخانەیەکی شاری کوێتای هەرێمی بلوچستانی پاکستان کەسێـکی خۆکوژ خۆی لە نێو گردبوونەوەیەکی دەیان پارێزەر و ڕۆژنامەوان تەقاندووەتەوە و لە ئاکامدا 63 کەس کوژراون و دەیانی دیکە برینداربوون.

پارێزەر و ڕۆژنامەوانەکان کە مەزەندە دەکرێت زیاتر لە 100 کەس بووبن، لە چاوەڕێی وەرگرتنەوەی تەرمی بیلال ئەنوەر قاسی بوون کە سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی هەرێمی بلوچسـتان بوو و بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لەو کاتەی بەرەو کارەکەی ڕۆیشتبوو لە لایەن چەند چەکدارێـکەوە کوژرابوو.

هەروەها لە تەقینەوەی نەخۆشخانەکە باز محەمەد کاکار سەرۆکی پـێشووی سەندیکای پارێزەران و شاهزاد خان وێنەگری کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئاج کوژراون.

نەواز شەریف سەرۆک وەزیری پاکستان کوشتنی پارێزەرەکە و تەقینەوە خۆکوژیـیەکەی سەرزەنشتکرد و گوتی ڕێگە نادەن نائارامی هەرێمەکە بگرێتەوە.

سەرفراز بوگتی وەزیری ناوخۆی هەرێمی بلوچستان ئەویش بە توندی هێرشەکەی شەرمەزارکرد و گوتی کارێـکی تێرۆرستی بووە.

هەتا ئامادەکردنی هەواڵەکە کەس بەرپـرسیارێـتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە. بەڵام ئەنور ئەلحق کاکار گوتەبێژی هەرێمەکە بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند پـێدەچێت هێرشەکە کاردانەوەیەک بێت لە بەرامبەر هەوڵەکانی حکومەتی وڵاتەکەی لە دژی تێرۆرزم.

جێی ئاماژەیە هەرێمی بلوچستان چەندان کێشەی نەژادی و خێڵەکی تێدایە و کوێتا بەوە ناسراوە کە پـێشتر ڕێبەرانی تاڵیبانی ئەفغانسـتانی لێبووە.

XS
SM
MD
LG