Accessibility links

داعش بەرپـرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکەی پاکستان ڕادەگەیەنێت

  • VOA News

Pakistan Baluchistan bomb blast

پـۆلیسی پاکستان دەڵێت بۆمبێـکی بەهێز بە کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی جێگری سەرۆکی خانەی سەرووی پەرلەمانی وڵاتەکەیان تەقیوەتەوە و لە ئاکامدا بە سووکی برینداربووە، بەڵام بە لایەنی کەم 25 کەس گیانیان لەدەسـتداوە.

تەقینەوەکە ئەمڕۆ هەینی لە باشوری ڕۆژئاوای وڵاتەکەدا ڕوویدا لە نزیک شارۆچکەی ماستونگ کە نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە باشوری شاری کوێتای پایتەختی هەرێمی بلوچستانەوە دورە.

داعش لە ڕێگەی میدیاکەیەوە بە ناوی ئەعماق، بەرپـرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە ڕاگەیاند و گوتی ئامانجی عەبدولغەفور حەیدەری جێگری سەرۆکی خانەی سەرووی پەرلەمان بووە.

مونیر ڕەسانی کاربەدەست لە حکومەت بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێسی گوت خۆکوژێـک تەقینەوەکەی ئەنجامدابوو و جگە لەو 25 کەسەی گیانیان لەدەسـتداوە، 30 کەسی دیکەش برینداربوون. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد ژمارەیەک پـۆلیس لە نێو قوربانیـیەکاندا هەن.

عەبدولغەفور حەیدەری پاش هێرشەکە بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوت برینەکانی سووکن، بەڵام ژمارەیەکی زۆر بوونە قوربانی.

جێی ئاماژەیە حەیدەری ئەندامێـکی باڵای کۆمەڵەی زانایانی ئیسلامی، باڵی شێخ فەزڵوڕەحمانە کە یەکێـکە لە پارتە سیاسیـیە ئاینە گەورەکانی پاکستان و پـێشتر تاڵیبانی پاکستان چەندان جار کردوویەتێ ئامانج هەرچەندە ڕێبەرانی زۆر جار ڕۆڵی ناوبژیوانیان لە نێوان چەکدارە یاخیبووەکان و حکومەتی پاکستان بینیوە.

XS
SM
MD
LG