ئه‌مڕۆ شه‌ممه پاکستان و ئه‌فغانستان کۆبوونه‌وه‌یه‌کی هاوبه‌شی ئاشتییان ئه‌نجام دا به مه‌به‌ستی باسکردنی هێنانی ئاشتی بۆ ئه‌و هه‌رێمه‌ی که به‌هۆی توندوتیژیه‌وه وێران بووه.
سه‌رۆک وه‌زیری پاکستان یوسف ڕه‌زا گه‌یلانی و سه‌رۆکی ئه‌فغانستان حامید کارزایی به‌شدارییان کرد له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ی که له ئیسلام ئابادی پایته‌ختی پاکستان به‌ڕێوه چوو. له کۆبوونه‌وه‌که‌دا په‌یمانی پته‌وکردنی په‌یویه‌وه‌ندی هه‌ردوو وڵاتیان دا.
به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای CIA ی ئه‌مه‌ریکا که بڕیاره ببێت به وه‌زیری به‌رگری داهاتوو، لیۆن په‌نێتا له گه‌شتێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراودا گه‌یشته پاکستان، به‌ڵام تا ئێستا ڕوون نییه ئایه به‌شداری له کۆبوونه‌وه‌که‌دا کردووه یان نا.
په‌یوه‌ندی نێوان ئیسلام ئاباد و کابول زۆر جار بێ متمانه‌یی تێدایه به هۆی توندوتیژییه‌کانی هه‌ردوو وڵات.
به‌ڕێز کارزایی له ڕۆژی هه‌ینی گه‌یشته ئیسلام ئاباد بۆ وتووێژکردن له‌گه‌ڵ ئاسف عه‌لی زه‌رداری سه‌رۆکی پاکستان. دوابه‌دوای کۆبوونه‌وه‌که‌یان هه‌ردوو سه‌رۆک به ڕۆژنامه‌وانانیان گوت که په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌فغانستان و پاکستان هه‌ر به‌هێز ده‌مێنێته‌وه له کاتێکدا هه‌ردوو وڵات مه‌به‌ستی هاوبه‌شیان هه‌یه بۆ ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی له وڵاته‌کانیاندا.
شایانی باسه ئه‌مه یه‌که‌م سه‌ردانی سه‌رۆک کارزایی‌یه بۆ پاکستان پاش ئه‌وه‌ی ڕێبه‌ری ئه‌لقاعیده ئوسامه بن لادن له 2 ی مانگی پـێنجدا له ئه‌بیت ئابادی پاکستان له لایه‌ن هێزی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریکاوه کوژرا.
سه‌رۆک کارزایی به به‌ردوامی داوای له پاکستان ده‌کرد که کاری زیاتر بکات بۆ شه‌ڕی دژ به ملیتانه‌کان له سه‌ر سنووری هه‌ردوو وڵات. سه‌رۆک کارزایی گوتبوی کوژرانی بن لادن له پاکستان ئه‌وه نیشان ده‌دات که له شه‌ڕی دژه تیرۆردا پێویسته سه‌نگی بخرێته سه‌ر ئیسلام ئاباد نه‌ک کابول.
جێی باسه پاکستان یه‌کێک بوو له‌و 3 وڵاته‌ی که له ساڵانی نه‌وه‌ده‌کاندا دانی به حکومه‌تی تاڵێبانی ئه‌فغانستاندا هێنا و هێشتاش گومان هه‌یه که هه‌ندێک له که‌سانی نێو ده‌زگای موخابه‌راتی پاکستان په‌یوه‌ندییان به تاڵیبان و گروپه یاخیبووه‌کانی تری نێو ئه‌فغانستانه‌وه هه‌بێت.