Accessibility links

ئوسامه‌ جه‌میل ده‌ڵێت کورد ئه‌وه‌نده‌ی پێی داگرتووه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ ئابوری و بازرگانییه‌کان ئه‌وه‌نده‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ ئه‌ساسییه‌کان داینه‌گرتووه‌

  • Haider Kareem

گرژییه‌کان له‌ نێوان سه‌رکردایه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق و حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق به‌ ڕێبه‌ری سه‌ره‌ک وه‌زیر نوری مالیکی هه‌ر به‌رده‌وامن و هه‌ر یه‌که‌ و ئه‌وه‌یتر تاوانبارده‌کات و ڕه‌خنه‌ی توند له‌ یه‌کتری ده‌گرن. جا ئایا به‌رپابوونی گرژییه‌کان په‌یوه‌ندی به‌ تاک ڕه‌وی مالیکییه‌وه‌ هه‌یه‌ یان هۆکاری دیکه‌ی هه‌یه‌؟.

ئوسامه‌ جه‌میل ئه‌ندام په‌رله‌مانی عێراق سه‌ر به‌ لیستی یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستان له‌ وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر که‌ریم سه‌باره‌ت به‌ هۆکاره‌کانی به‌رپابوونی گرژییه‌کان له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌ڵێت به‌شێکی په‌یوه‌ندی به‌ خودی نوری مالیکییه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ پیاوێکه‌ هه‌وڵ ده‌دات ده‌سه‌ڵات له‌ عێراق بکه‌وێته‌ ده‌ست ده‌وڵه‌تی قانون و بکه‌وێته‌ ده‌ست حیزبی ده‌عوه‌ که‌ به‌خۆی سه‌رۆکایه‌تی ده‌کات و خۆی تاک ڕه‌وانه‌ حوکمی عێراق بکات. هه‌روه‌ها هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات که‌وا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتووش خۆی هه‌ڵبژێرێته‌وه‌، دام و ده‌زگاکانی کۆنتڕۆڵ کردووه‌، سوپا و موخابه‌راتی کۆنتڕۆڵ کردووه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات که‌ بانکی ناوه‌ندی عێراقش که‌ سه‌رجه‌م پاره‌ی عێراقی تێدایه‌ ئه‌ویش کۆنتڕۆڵ بکات و نووسراوه‌یه‌کی فه‌رمی بۆ ناردووه‌ که‌وا مامه‌ڵه‌ ته‌نها له‌ گه‌ڵ ئه‌واندا بکات له‌ کاتێکدا بانکی ناوه‌ندی سه‌ر به‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌. ئه‌وانه‌ کۆمه‌ڵێک هۆکارن که‌وا خودی مالیکی ئه‌م وه‌زعه‌ی دروست کردووه‌. په‌رله‌مه‌نتار ئوسامه‌ ده‌شڵێت جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌گه‌ر بێتوو باسی کوردیش بکه‌ین به‌ڵێ کوردیش خه‌تای هه‌یه‌، ده‌ڵێت کورد لاوازانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا کردووه‌ ، ده‌ڵێت کورد ئه‌وه‌نده‌ی پێی داگرتووه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ ئابوری و بازرگانییه‌کان ئه‌وه‌نده‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ ئه‌ساسییه‌کان داینه‌گرتووه‌ و به‌لایه‌وه‌ گرنگ نه‌بووه‌ نوری مالیکی له‌ به‌غدا چۆن حوکم ده‌کات و چۆن نایکات و چیی له‌ لیستی عێراقییه‌ و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ ده‌کات. گرنگ ئه‌وه‌بووه‌ داواکارییه‌کانی خۆی بێته‌ جێ له‌ بواری نه‌وت و گاز و داهاتووی بوجه‌. هه‌وڵی نه‌داوه‌ بۆ جێبه‌جێکردنی ماده‌ی 140 بۆ یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی پێشمه‌رگه‌، بۆ مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و گاز به‌ڵکو ته‌نها وه‌کو مامه‌ڵه‌یه‌کی ئابوریانه‌ بووه‌.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی گفتوگۆكه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ، ماوه‌كه‌ی 7:45 خوله‌كه

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG