Accessibility links

نرخی نه‌وت گه‌یشته‌ سه‌روو 35 دۆلار


نرخی نەوت بۆ ئەمڕۆ پـێنجشەممەش بەرزبووەوە و گەیشتە سەروو 35 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێـک، ئەمەش بەهۆی دابەزینی بەهای دۆلار و زیادبوونی ئاستی نەوتی عەمبارکراو لە ئەمەریکا.

نزیکەی کاژمێر 10 ی بەیانی بە کاتی گرینج تێکەڵەی برنت لە 35 دۆلارەوە بۆ 35.39 بەرزبووەوە.

لە ئەمەریکاش نرخی نەوتی خاو 40 سەنت زیادیکرد و گەیشتە 32.68 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێـک.

ڕاپـۆرته‌ حکومیـیه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ئاشکرایان کرد له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو نه‌وتی عه‌مبارکراوی ئه‌مه‌ریکا 7.8 ملیۆن به‌رمیلی دیکه‌ی زیادکردووه‌، واته‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێـکی بێ پـێشینه‌ که‌ ئه‌ویش 502.7 ملیۆن به‌رمیله‌.

هاوکات ماڵپەڕی شانای وەزارەتی نەوتی ئێران لە زاری ئولۆخیۆ دێل پینۆ وەزیری نەوتی ڤەنزوێلاوە بڵاویکردەوە که‌ گوتویەتی شەش وڵات، لەوانە ئێران و عێراق کە ئەندامی ئۆپـکن لەگەڵ ڕووسیا و سەڵتەنەتی عومان ده‌یانه‌وێت کۆبوونەوەیەک سازبکرێت بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پـێویست بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت. بەڵام هیچ وڵاتێـکی کەنداو، ئەوانەی ئەندامی ئۆپـکن وەکو عەرەبسـتانی سعودیـیە کە زۆرترین بڕە نەوت هەناردەدەکات هێشتا پـشـتیوانی خۆیان دەرنەبڕیوە بۆ سازکردنی کۆبوونەوەیەکی نێوان وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت.

چاوەڕوان‌دەکرێت ئەمڕۆ پـێنجشەممە وەزیری نەوتی ڤەنزوێلا سەردانی قەتەر بکات کە سەرۆکایەتی ئۆپـکی گرتووەتە دەست بۆ ئه‌م ساڵی 2016.

XS
SM
MD
LG