Accessibility links

فەرماندەكانى پێشمەرگە لە سنورى رۆژئاوا و باشورى كەركوك كە سەربە یەكێتى و پارتین ، جوڵاندنى هێز لەدژى یەكترى بەهۆى ناكۆكى نێوان حیزبەكانیان لەسەر بیرە نەوتیەكانى كەركوك رەتدەكەنەوە، جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە هێزیان نەجوڵاندووە.

كەمال كەركوكى فەرماندەى میحوەرى رۆژئاواى كەركوك كەهاوكات فەرماندەى گشتى هێزەكانى پارتیشە لەو سنورە ، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"یەكێتى و پارتى لە سنوورى كەركوک هێزیان لەدژى یەكترى نەجوڵاندووە و ئەوەى دەوترێ‌ پڕوپاگەندەى ناحەزانى كوردە."

بەپێى زانیاریەكانى دەنگى ئەمەریكا، ئەمڕۆ چوارشەممە بەرپرسانى پێشمەرگەى یەكێتى و پارتى لە سنوورى كەركوک كۆبوونەوەیان ئەنجامداوە ، هەروەها دەنگى ئەمەریكا پەیوەندى بەچەند بەرپرسێكى كەركوكەوە كرد ، ئەوەیان پشت راستكردەوە كە ناكۆكى لەسەر بیرە نەوتیەكان لەئارادایە بەڵام ئامادەنەبوون لێدوان بدەن.

لیوا محەمەد قادر فەرماندەى پێشمەرگە لەباشورى كەركوك كە ناوبراو فەرماندەیەكى یەكێتى یە ، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"زۆربەى لیواكان لەژێر فەرماندەیى مندان ، بۆیە جوڵاندنى هێز راست نیە."

دروستبونى گرژى لەسەر نەوتى كەركوک هاوكاتە لەگەڵ رێكەوتنى نێوان حەیدەرعەبادى و نێچیرڤان بارزانى دا لەسەر نەوتى كەركوك ، كە بەپێى رێكەوتنەكە رۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوتى كەركوك هەناردە دەكرێت كە لەو ژمارەیە 75 هەزارى بۆ هەرێم و 75 هەزار بەرمیلەكەى ترى بۆ بەغدا دەبێت ، كە هیرۆ ئیبراهیم ئەحمەدیش لەنامەیەكدا بۆ عەبادى هەڕەشەى هەڵوێست وەرگرتنى كردبوو.

هاوكات لەگەڵ ناكۆكى نێوان یەكێتى و پارتى دا لەسەر نەوتى كەركوک ، حكومەتى عێراقى بە فەرمى داواى گێرانەوەى بیرە نەوتیەكانى كەركوكى بۆ ژێر دەسەڵاتى بەغدا كرد ، بەڵام بەرپرسانى هەرێم دژى ئەو هەنگاوەى بەغدان و بە توندى رەتیدەكەنەوە.

كەمال كەركوكى فەرماندەى میحوەرى رۆژئاواى كەركوكى پێشمەرگە كەزۆربەى بیرە نەوتیەكانى رۆژئاواى كەركوك لەژێر كۆنترۆڵى هێزەكانیاندایە، جەختى كردەوە بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەن جارێكى تر سوپاى عێراق و میلیشیا عێراقیەكان بیرە نەوتیەكان كۆنترۆڵ بكەنەوە، وتى"هەر هەوڵێكى لەو جۆرە بدەن رِووبەروویان دەبینەوە."

زۆربەى بیرە نەوتیەكانى كەركوك كەدەكەونە رۆژئاواى شارەكەوە لەژێر كۆنترۆڵى هێزەكانى پێشمەرگەى سەربە پارتى دان و بەشەكەى تریشى لەژێر كۆنترۆڵى یەكێتیدایە، كە پارتى لەرێگەى بۆرى و بەرێگاى توركیادا نەوتى كەركوك هەناردە دەكات و یەكێتیش دەیەوێت لە رێگەى ئێرانەوە و بە تانكەر نەوتى شارەكە ڕەوانەى دەرەوە بكات.

XS
SM
MD
LG