Accessibility links

سەرۆک ئۆباما شەوی سێشەممە دوایـین وتاری خۆی وەک سەرۆک پـێشکەش دەکات


سەرۆک براک ئۆباما ئەمڕۆ سێشەممە دوایـین وتاری خۆی پـێشکەش دەکات وەکو سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

بڕیارە لە کاژمێر 9 ی شەوی سێشەممە بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا لە سەنتەری مەککۆرمیک لە شاری شیکاگۆی ویلایەتی ئیلینۆی سەرۆک ئۆباما وتاری کۆتایی پـێشکەش بکات بە ئامادەبوونی میشێل ئۆبامای هاوسەری و جۆ بایدنی جێـگری.

بلیتە خۆڕایـیەکانی ئامادەبوونی ئەم بۆنەیە هەر لە بەیانی شەممەوە تەواوبوون، کاتێـک لەو سەرما و سۆڵەیەی شاری شیکاگۆی گرتووەتەوە، سەدان کەس ڕیزیان بەستبوو لە بەردەم سەنتەرەکە بەو هیوایەی بلیتەکانی کورسی پـێشەوەی هۆڵی بۆنەکەیان دەسـتبکەوێت.

شاری شیکاگۆ بۆ سەرۆک ئۆباما گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، بەو پـێـیەی لەوێ میشێلی هاوسەری تیادا ناسی و هەروەها هەردوو کچەکەی لەوێ لەدایکبوون و لەوێش ماڵی خۆیان هەیە، بەڵام لەوەتای لە ساڵی 2009 وە گەیشتە کۆشـکی سـپی، لە واشنتنی پایتەخت نیشتەجێ بوو و هەردوو کچەکەی لە خوێندنگەکانی واشنتن درێژەیان بە خوێندن دا. لە ئێستادا ساشای کچە بچوکی لە قۆناغی ئامادەیی‌دایە، بۆیە ئۆباما و میشێلی هاوسەری بڕیاریان داوە هەتا ئەم کچەشیان خوێندنی ئامادەیی تەواودەکات بۆ چەند ساڵێـکی دیکە لە واشنتن بمێنـنەوە، پاشان بەرەو شیکاگۆ بگەڕێنەوە.

براک ئۆبامای تەمەن 55 ساڵ لە بەرنامەیەتی لە پاش تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتیـیەکەی درێژە بە کارەکانی بۆ خزمەتکردنی وڵاتەکەی بدات هەر وەکو هەموو سەرۆکەکانی پـێشووی وڵاتەکە کە لە پاش جێهێشتنی کۆشـکی سـپی کاری خزمەتگوزاری و مرۆیـیان بۆ خزمەتی وڵاتەکەیان و تەواوی جیهان کردووە.

XS
SM
MD
LG