Accessibility links

سەرۆک ئۆباما بڕیاری گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێ دەدات بۆ فرۆشتن و هەڵگرتنی چەک لە ئەمەریکا


سەرۆک ئۆباما بڕیاری دا کۆمەڵێـک ڕێوشوێنی نوێ بگیرێنەبەر بۆ فرۆشتن و هەڵگرتنی چەک لە ناو ئەمەریکا و دەڵێت دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بڕیاری لەو جۆرە بدات و زۆربەی زۆری خەڵکی ئەمەریکا لەم هه‌نگاوه‌دا پشـتیوانی لێدەکەن.

سەرۆک ئۆباما ئەمڕۆ سێشەممە لە وتارێـکیدا لە کۆشـکی سـپی ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی دەبێت هەست بەو بەرپـرسیارێتیـیە بکەین کە خەڵکی دەبنە قوربانی. گوتیشی چیتر ئەو پاساوانە سوودیان نیـیە کە هەموو جارێک دەیانهێنـنەوە بەرباس بۆ ڕێگەگرتن لە کۆنترۆڵکردنی فرۆشتن و هەڵگرتنی چەک.

پاشان ڕەخنەی لە یاسادانەرانی ئەمەریکا گرت و بە تایبەتی کۆماریـیەکانیان لەوەی هەتا ئێسـتا شکستیان هێناوە لەوەی یاسا و ڕێسای توند بۆ ئەم مەبەستە دابنێن سەرەڕای ئەو کۆشتنکاریـیانەی لە وڵاتەکەدا کراون.

سەرۆکی ئەمەریکا ڕووی دەمی کردە یاسادانەران و گوتی" ئایا ئەمە ڕاستە تێرۆرستێک سواری فڕۆکە ببێت و بێت بۆ ئەمەریکا و لێرە بڕوات بۆ فرۆشگایەکی چەک و چەک بکڕێت بەبێ ئەوەی بتوانین لە ڕابردووی بکۆڵینەوە؟"

سەرۆک ئۆباما که‌ ژماره‌یه‌ک له‌ کەسوکاری قوربانیانی چە‌ک له‌ پاڵیدا وەستابوون، باسی ڕووداوەکەی خوێندنگەی ساندی هۆک کرد، ئەوەی مانگی دوازدەی سـاڵی 2012 لە شاری نیوتاونی ویلایەتی کۆنێتیکت ڕوویدا و تیایدا 20 خوێندکار و 6 مامۆستا و کارمەندی خوێندنگەکە بە دەستی کوڕێکی تەمەن 20 ساڵ بە چەک کوژران. سەرۆک ئۆباما هەردوو چاوی پـڕبوون لە فرمێسک و گوتی" هەموو جارێـک ئەو منداڵانەم بیردەکەوێتەوە زۆر بێزاردەبم."

سەرۆکی ئەمەریکا داواشی لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا لە یادیان نەچێت کێن ئەو سەرکردانەی وەستاون لە بەردەم ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پـێویست بۆ پاراستنی خەڵکی لە مەترسیـیەکانی چەک.

باسی لەوەش کرد ساڵانە 30 هەزار کەس لە ئەمەریکا بە ڕووداوەکانی چەک گیانیان لەدەسـتدەدەن.

بەپـێی ڕێوشوێنە نوێـیەکان دەبێت لێکۆڵینەوە لە ڕابردووی ژیان و باری دەرونی ئەو کەسانە بکرێت کە دەیانەوێت چەک بکڕن. هەر کەسێکیش چەک دەفرۆشێت دەبێت مۆڵەتی فەرمی هەبێت تەنانەت ئەگەر لەسەر ئنتەرنێتیش کاری فرۆشتنی چەک بکات.

سەرۆک ئۆباما لە بارەی ڕێسا نوێـیەکان گوتی ئەمانە ڕێگە لە هەموو تاوانەکانی توندوتیژی ناگرن و هەروەها ڕێگەش لە هەموو تەقەکردنەکانیش ناگرن، بەڵام ڕۆڵێـکی گەورەی دەبێت لە ڕزگارکردنی ژیانی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی.

ببینە چۆن سەرۆکی ئەمەریکا بۆ مەرگی ڕۆڵەکانی وڵاتەکەی فرمێسک بە چاوکانی دێنە خوارێ

ببینە چۆن سەرۆکی ئەمەریکا بۆ مەرگی ڕۆڵەکانی وڵاتەکەی فرمێسک بە چاوکانی دێنە خوارێ
please wait

No media source currently available

0:00 0:01:43 0:00

XS
SM
MD
LG