Accessibility links

سەرۆک ئۆباما دوایـین وتاری خۆی وەک سەرۆکی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان پـێشکەشکرد


سەرۆک ئۆباما دەڵێت لە ماوەی سەرۆکایەتیـیەکەی ئەمەریکا توانیویەتی ئابوری جیهان لە دۆخێـکی خراپە ببوژێنێتەوە و هاوکات شوێن و پەناگەی تێرۆرستانی لە چەندان ناوچەی جیهان وێرانکردووە.

براک ئۆباما ئەمڕۆ سێشەممە لە دوایـین وتاری خۆی وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی کێشەی بەرنامە ناوکیـیەکەی ئێرانیان لە ڕێگەی دیپـلۆماسیـیەوە چارەسەرکردووە، پەیوەندیـیان لەگەڵ کوبا دەسـتپـێـکردووەتەوە، یارمەتی کۆلۆمبیایان داوە لە کۆتایی‌هێنان بە درێژەترین شەڕ لە ئەمەریکای لاتین، پـێشوازیـیان لە ڕێبەرانی میانمار کردووە کە بە شێوەیەکی دیموکراتیـیانە هەڵبژێردراون، یارمەتی خەڵکیان داوە بە شێوەیەک کە بتوانن بەخۆیان خۆراکی خۆیان دابین بکەن، وەزەی بۆ چەند ناوچەیەکی ئەفریکا دابینکردووە تاوەکو بەرەو پـێشەوە هەنگاو بنێن.

جەختی لەوە کرد هەموو ئەم کارە گرنگانە بە هاوبەشی کراون و گۆڕانکاری گرنگی لە نێو خەڵکیدا دروسـتکردووە.

بەڵام گوتیشی هێشتا ناکۆکی و کێشە و گرفتی زۆر ماون و لە سەرانسەری جیهان خەڵکی لە تاو شەڕی دڕندانە ئاوارە و دەربەدەر دەبن. باسی لەوەش کرد لە ناوچەیەکی فراوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشتی و ئارامی نیـیە و زۆرێـک لە حکومەتەکان ڕۆژنامەوانان دەمکوت دەکەن و ڕێگە دەگرن لە بڵاوکردنەوەی زانیاری.

پاشان گوتی هەروەها لەو ماوەیە بەدی کراوە تۆڕە تێرۆرستیـیەکان لە ڕێگەی ئنتەرنێتەوە گەنجان فریو دەدەن و هەروەها بوونی شەپۆلی ڕق و کینە لە دژی پەنابەران و موسڵمانان.

گوتیشی هێز هەن هەڵگری بیروباوەڕی توندی ئاینی و نەژادی و ڕەگەزین و هەوڵ دەدەن جیهان بەرەو دواوە ببەنەوە و ڕێگە لە پـێشکەوتن بگرن.

باسی لەوەش کرد گرێدانی ئابوری وڵاتان پـێکەوە لە بەرژەوەندی تەواوی جیهاندایە و لە ماوەی 25 سـاڵی ڕابردوو ژیان و گوزەرانی ملیاران ژن و منداڵ و پـیاو باشتر بوون و ڕێژەی زۆر هەژاری لە 40% بۆ 10% کەمبووەتەوە.

سەبارەت بە قەیرانی سوریا، سەرۆک ئۆباما ڕایگەیاند چارەسەری دیپـلۆماسی تاکە ڕێگەیە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ناو ئەو وڵاتە.

لە بارەی کێشەی نێوان فەڵەستینی و ئیسرائیلیـیەکان، گوتی دەبێت فەڵەستیـنیـیەکان وازبهێنن لە هاندان لە دژی ئیسرائیل و لە هەمان کاتدا ئیسرائیلیەکانیش وازبهێنن لە داگیرکردنی خاکی زیاتری فەڵەستینیـیەکان لە ڕێگەی بنیادنانی نیشتەجێی نوێ.

پاشان باسی لە ڕووسیا کرد و گوتی هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزەوە توانای جاران خۆی بگێڕێتەوە.

XS
SM
MD
LG