Accessibility links

سەرۆک ئۆباما لە کۆشـکی سـپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆدەبێتەوە


سەرۆک ئۆباما لە کۆشـکی سـپـی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە بە مەبەستی تاووتوێکردنی پـرۆسەی ڕادەسـتکردنی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی کە لە 20 ی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو ئەنجام دەدرێت.

ئۆفیسی سەرۆکایەتی دەڵێت لە 11 ی پـێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پـێنجشەممە کۆبوونەوەکە دەسـتیپـێکردووە و بڕیارە پاش کۆبوونەوەکە بۆ ماوەیەکی کورت لێدوان بۆ میدیاکان بدەن.

چاودێران پـێشبینی دەکەن کۆبوونەوەیەکی سانا نەبێت بەو پـێـیەی لەم ماوەیەی ڕابردوو ڕەخنەی توندیان لە یەکتری گرتبوو.

سەرۆک ئۆباما هەتا دوا ساتەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکە دەیگوت ترەمپ لەو ئاستەدا نیـیە بـبێتە فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا. دۆناڵد ترەمپـیش دەیگوت ئۆباما لە ئەمەریکا لەدایک نەبووە بۆیە بە نایاسایـیانە بووە بە سەرۆک و تاوانباری دەکرد بەوەی بەرپـرسیارە لە دابەزینی پـێگەی ئەمەریکا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

دۆناڵد ترەمپ لە میانەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی چەندان جار جەختی دەکردەوە بەرنامە تەندروسـتیـیەکەی بەڕێوەبەرایەتی ئۆباما کە بە "ئۆباما کێر" ناسراوە دەگۆڕێت و هەروەها هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی لەگەڵ ئێران کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە سەرۆک ئۆباما هیوای خواست دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتووبێت لە کۆکردنەوەی ئەمەریکایـیەکان و ڕێبەرایەتیان بکات.

لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان ئۆباما و ترەمپ، خانم میشێل ئۆباما چاوی دەکەوێت بە خانم میلانیا ترەمپ و هەروەها جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ مایک پـێنس کۆدەبێتەوە.

بڕیارە هەر ئەمڕۆ پـێنجشەممە دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرس لەگەڵ پـۆڵ ڕایان سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کۆببێتەوە تاوەکو تاووتوێی سیاسەتی پارتەکەیان لە قۆناغی داهاتوو بکەن.

XS
SM
MD
LG