Accessibility links

سەرۆک ئۆباما پـیرۆزبایی لە موسڵمانان دەکات بەبۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانەوە


سەرۆک ئۆباما و خانمی یەکەمی ئەمەریکا میشێل ئۆباما، بەبۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزان پـیرۆزبایی لە موسڵمانان دەکەن لە ئەمەریکا و جیهاندا.

سەرۆک ئۆباما لە بەیانـنامەیەکدا نووسیویەتی ئەمەریکا بەختەوەرە بە بوونی کۆمەڵە موسڵمانە جۆراوجۆرەکان تیایدا بە هاوشێوەی جۆراوجۆریەتی خودی وڵاتەکە. گوتیشی ئەمەریکایـیەکان یەک خێزانن و ئەو بە توندی لە پاڵ کۆمەڵگا موسڵمانەکان دەوەستێت ئەوانەی بە ڕووی ئەو دەنگانە دەوەستنەوە کە دەیانەوێت ئەمەریکایـیەکان دابەش بکەن یان سنوور بۆ ئازادیـیە ئاینی و سیڤیلیـیەکان دابنێن. جەختی لەوەش کرد کە پابەندە بە پاراستنی مافە سیڤیلیـیەکان بۆ هەموو ئەمەریکایـیەکان بە دەر لەوەی چ ئاین و ڕوخسارێـکیان هەیە.

پاشان سەرۆک ئۆباما گوتی ناکرێت لەم مانگەدا ئەو ملیۆنان کەسە لە یادبکەین کە بەهۆی شەڕ و قەیرانەوە لە سەرانسەری جیهان ئاوارەبوون. گوتیشی ژمارەیەکی زۆر لە موسڵمانان ڕەنگە ئەمساڵ نەتوانن بە ئیسراحەت لە ماڵەکانیان مانگی ڕەمەزان بەسەربەرن یان جەژن بکەنەوە لەگەڵ منداڵەکانیان، بۆیە دەبێت کاربکەین بۆ کەمکردنەوەی مەینەتی ئەو کەسانە. ئەم مانگە پـیرۆزە پابەندبوونی خۆمان بیردەخاتەوە بۆ پاراستنی شکۆمەندی هەموو تاکە کەسێـک. گوتیشی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پـێشوازیکردن لە کۆچبەر و پەنابەران بە موسڵمانەکانیشەوە.

لە کۆتاییدا سەرۆکی ئەمەریکا گوتی وەکو هەموو ساڵێـک کە لە ماوەی سەرۆکایەتی دەرگاکانی کۆشـکی سپـی بە ڕووی موسڵمانە ئەمەریکایـیەکان کردووەتەوە، ئەمساڵیش بە هەمان شێوە لە کۆتایی مانگی ڕەمەزاندا ئاهەنگ بەو بۆنەیەوە دەگێڕن.

XS
SM
MD
LG