Accessibility links

سەرۆک ئۆباما تاجە گوڵینەی خستە سەر مۆنۆمێنتی ئاشتی لە هیرۆشیما


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەردانی شاری هیرۆشیمای ژاپـۆنی کرد و لەوێ تاجە گوڵینەی خستە سەر مۆنۆمێنتی ئاشتی، ئەوەی بۆ ڕێزلێنان لە قوربانیـیانی هێرشە ئەتۆمیـیەکەی ئەمەریکا بۆ سەر ئەو شارە بنیادنراوە. بەمەش سەرۆک ئۆباما مێژوویەکی بۆخۆی تۆمارکرد و بووە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی مۆنۆمێنتەکە بکات.

سەرۆک ئۆباما ئەمڕۆ هەینی بە یاوەری لەگەڵ شینزۆ ئابێ سەرۆک وەزیری ژاپـۆن سەردانی مۆنۆمێنتەکەیان کرد و پـێکەوە هەریەکەیان تاجە گوڵینەی خۆی دانا بە ئامادەبوونی سێ کەس لەوانەی لە میانەی جەنگی جیهانی دووەم لە ساڵی 1945 لەم هێرشە ئەتۆمیـیەی ئەمەریکا ڕزگاریان بوو.

پاشان سەرۆک ئۆباما وتارێـکی پـێشـکەشکرد و تیایدا گوتی " بەر لە 71 سـاڵ، لە بەیانیـیەکی ڕۆشنی بێ هەوردا، مەرگ لە ئاسمانەوە داباری و جیهان گوڕا. بروسکەیەک ڕووناکی و تۆپەڵێـکی گەورەی ئاگر شارێـکی وێرانکرد و سەلماندی کە مرۆڤایەتی ئەو توانایانەی هەیە خۆی پێ وێران بکات."

گوتیشی " بۆچی دێـین بۆ ئەم شوێنە؟ بۆ هیرۆشیما؟ دێـین بۆ ئەوەی بڕوانین لە هێزێـکی ترسناک چی لێکەوتووەتەوە لە ڕابردوویەک کە زۆر دور نیـیە. دێـین بۆ دەربڕینی ماتەمینی خۆمان بۆ مردووەکان، لەوانە زیاتر لە 100 هەزار پـیاو و ژن و منداڵی ژاپـۆنی و هەزاران کۆری و دەیان زیندانیکراوی ئەمەریکایی. گیانیان قسەمان بۆ دەکەن. داوامان لێدەکەن سەیری ناخمان بکەین، بەدەر لەوەی ئێمە کێـین و ڕەنگە ببین بە چی."

سەرۆک ئۆباما جەختی لەوە کرد کە قوربانیـیانی ئەم هێرشە ئەتۆمیـیەی لە 6 ی مانگی هەشتی سـاڵی 1945 ئەنجامدرا، هەرگیز لە یاد ناکرێن و گوتی یادی هەموو ئەو خەڵکە بێ تاوانە دەکەین کە لە گێژاوی ئەو شەڕە ترسناکەدا کوژران.

جارێـکی دیکە سەرۆک ئۆباما داوای لە وڵاتانی جیهان کرد و بە تایبەتی لەوانەی چەکی ناوکیـیان هەیە، کاربکەن بۆ هێنانە دی جیهانێـکی بێ چەکی ناوکی.

پاشان سەرۆک ئۆباما سەردانی مۆزخانەی مۆنۆمێنتەکەی کرد کە وێنە و جل‌وبەرگ و شتومەکی قوربانیانی هێرشەکەی لێـیە.

جێی ئاماژەیە زۆرێـک پـێـیان وایە ئەم هێرشە ئەتۆمیـیەی ئەمەریکا بۆ سەر ئەو شارە هۆکاربوو بۆ خۆبەدەسـتەوەدانی ژاپـۆن و کۆتایی‌هێنان بە جەنگی جیهانی دووەم کە بە ملیۆنان کەسی تیادا کوژران. بەڵام بەشێـکی زۆر لە ژاپـۆنیـیەکان دەڵێن نەدەبوایە ئەو هێرشە بکرایە کە بووە مایەی کوژرانی زیاتر لە 100 هەزار ژاپـۆنی.

XS
SM
MD
LG