Accessibility links

سەرۆکی ئەمەریکا باس لە دوا پـێشهاتەکانی شەڕی دژی داعش دەکات

  • VOA News

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت ئەو هاوپەیمانێتیـیەی وڵاتەکەی ڕێبەرایەتی دەکات بۆ شەڕی داعش لە سوریا و عێراق وایکردووە داعش بکەوێتە حاڵەتی بەرگریـیەوە، ئەمەش بە کەمکردنەوەی ئەو ناوچانەی لە ژێر دەسـتیاندایە چ لە سوریا یان عێراق.

سەرۆک ئۆباما ڕۆژی چوارشەممە پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لە بارەگای CIA لە نزیک واشنتن، بەیانـنامەیەکی ڕاگەیاند و تیایدا گوتی داعش لە پاشەکشەدایە و ئێستا وا نزیکەی ساڵێـکە نەیتوانیوە تاکە سەرکەوتنێـکیش بۆخۆی تۆماربکات. گوتیشی هاوپەیمانێتیـیە 66 وڵاتەکەیان کە وڵاتانی عەرەبی دۆستیشی تێدایە، ئێستا لە حاڵەتی هێرشدایە.

ئاماژەی بۆ چالاکیـیەکانی هاوپەیمانێتیەکە کرد و گوتی هەتا ئێستا زیاتر لە 11500 هێرشی ئاسمانیـیان کردووەتە سەر داعش و هەروەها بەردەوامن لە بە ئامانجکردنی سەرکردەکانیان و هەر لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو، توانراوە ئەبو داوود بەرپرسی چەکی کیمیاوی داعش دەسـتگیربکرێت و لە ڕێگەیەوە کۆمەڵێـک زانیاری باش بەدەستکەوتن و شوێنی ئەو چەکانیان بۆردومان بکرێن، پاشان ئەبو سارە و حەجی ئیمام بەرپرسانی دارایی داعش و عیزەت ئەلجبوری کوژران.

سەرۆکی ئەمەریکا باسی لە پـێشڕەوی هێزە خۆجیـیەکان کرد کە بە پاڵپشـتی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی ئەنجامی دەدەن، گوتی هێزەکانی عێراق لە پارێزگای ئەنبار بەردەوامن لە پـێشڕەوی لە دەروبەری ڕومادی و چەندان گوندی دیکەیان لەو ناوچەیە ڕزگاکردووە و بەشێـکی شارۆچکەی هیتیشیان کۆنترۆڵکردووەتەوە. هەروەها لە پـێشڕەویـیەکانی ئەم دوایـیەی دژی داعش لە دەشتی ڕووباری دیجلە هێزەکانی عێراق بە ئاڕاستەی مۆسڵ پـێشڕەویـیان کردووە. لە سوریاش هێزەکانی خۆجێی هاوپەیمان کە بە هەندێک لە هێزی تایبەتی ئەمەریکا پاڵپشـتی دەکرێن، بەردەوامن لە پێشڕەوی و داعشیان لە شارۆچکەی شەدادی وەدەرناوە.

سەرۆک ئۆباما لە بەشێـکی دیکەی بەیانـنامەکەی گوتی بەردەوام دەبن لە یارمەتیدانی عێراق و هانی کۆمەڵی نێودەوڵەتیش دەدەن ئەوانیش یارمەتی عێراق بدەن لەم کاتەی ئەو وڵاتە کاردەکات بۆ سەقامگیرکردنی ناوچە ڕزگارکراوەکانی.

پاشان سەرۆک ئەمەریکا گوتی هاوکاتی شەڕی داعش بەردەوامن لە شەڕی قاعیدەش و لەم دوایـیانەدا سەرکردەیەکی باڵای بەرەی نوسرەیان کردووەتە ئامانج کە ناوی عەبدول ئەلفیراس ئەلسوری بوو، لە هێرشێـکی دیکەدا هەر لە سوریا 5 ئەندامی دیکەی ئەلقاعیدەیان کردووەتە ئامانج. لە یەمەنیش شوێنێـکی مەشق و ڕاهێنانی قاعیدەیان بۆردومان کردووە و لە سۆماڵیش سەرکردەیەکی گەورەی ئەلشەبابیان کوشتووە.

دەقی بەیانـنامەیەکەی سەرۆک ئۆباما

XS
SM
MD
LG