Accessibility links

سەرۆک ئۆباما بڕیاری دا 450 سەربازی دیکە ڕەوانەی عێراق بکرێن و چەکیش بۆ پـێشـمەرگە بنێرن


براک ئۆباما سەرۆکی ئەمەریکا بڕیاری دا 450 سەربازی دیکەی ئەمەریکایی ڕەوانەی عێراق بکرێن تاوەکو مەشق و ڕاهێنان بە هێزە عێراقیـیەکان بکەن و هەروەها فەرمانی کردووە بە خێرابکرێت لە ڕەوانەکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ هێزەکانی پـێشمەرگە، ئەمەش بۆ ئەوەی باشتر بتوانرێت داعش لاواز بکرێت و لە ناوبـبرێت.

کۆشـکی سـپی ڕۆژی چوراشەممە لە بەیانـنامەیەکدا ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی سەرۆک ئۆباما ئەم بڕیارەی لەسەر داوای حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق داوە و هەروەها ئاشتۆن کارتەر وەزیری بەرگری ئەمەریکا و مارتن دێمپسی سەرۆکی لەشکر و هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا پـشـتیوانیان لەم هەنگاوە کردووە.

بڕیارە ئەم سەربازانە بۆ بنکەی لەشکری تەقەدوم لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای ئەنبار ڕەوانەبکرێن. ئەمە تەواوکەری ئەو هەوڵانە دەبێت کە لە ئێسـتادا لە چوار بنکەی سەربازی لە عێراق بەڕێوەدەچن کە بریتین لە بنکەکانی ئەسەد، بسمایە، تاجی و هەولێر کە تیایاندا زیاتر لە 9 هەزار سەربازی عێراقی پـێشتر مەشقیان‌پـێکراوە و ئێسـتا 3 هەزار سەربازی دیکە مەشقیان پـێدەکرێت.

جێی ئاماژەیە ئەم سەربازانەی ئەمەریکا کە ڕەانەی عێراق دەکرێن لەگەڵ ئەوانەی پـێشتر ڕەوانەکراون ژمارەیان دەگاتە 3100 سەرباز و بەشداری لە شەڕەکاندا ناکەن.

هەروەها سەرۆک ئۆباما فەرمانی کردووە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق بە خێرایی چەک و تەقەمەنی و ئامێری لەشکری پـێویست ڕەوانەی هێزەکانی پـێشـمەرگە و هێزی خێڵەکان بکرێن.

XS
SM
MD
LG