Accessibility links

سەرۆک ئۆباما داوا لە کۆنگرێس دەکات ڕێکەوتنەکەی لەگەڵ ئێران پەسەند بکەن


سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆشـکی سـپی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ سـازکرا لە بارەی ئەو ڕێکەوتنەی ڕۆژی سێشەممە لە نێوان زلهێزانی جیهان و ئێران مۆرکرا.

سەرۆک ئۆباما دووپاتیکردەوە کە بڕوای وایە بەم ڕێکەوتنە هەموو ڕێگەکان لە ئێران دەگیرێن بۆ گەیشتن بە چەکی ناوکی، وە هەروەها ئەم ڕێکەوتنە وەها لە ئەمەریکا و هاوپەیمانانی و هەموو جیهان بە گشتی دەکات زیاتر پارێزراو و لە ئارامیدا بن.

سەبارەت بەوەی هەندێـک لە ئەندامی کۆنگرێس هەڕەشەی ڕەتکردنەوەی ڕێکەوتنەکە دەکەن، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی دەبێت یاسادانەران لەسەر ناوەرۆکی ڕێکەوتنەکە بڕیاری خۆیان بدەن نەک لەسەر زانیاری هەڵە و چەواشەکەر. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کۆنگرێس هیچ ئەڵتەرناتیڤێـکی نەخستووەتە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیـیەکەی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەرنامە ناوکیـیەکەی ئێران.

پاشان گوتی ئەگەربێت و هەلی پەسەندکردنی ڕێکەوتنەکە لە کۆنگرێس لەدەست بدەین، ئەوا مێژوو زۆر بە قورسی حوکممان بەسەر دەدات. گوتیشی ڕەنگە جارێـکی دیکە هەلی ڕێکەوتنێـکی لەو شێوەیەمان بۆ نەڕەخسێتەوە.

لە بارەی نیگەرانیـیەکانی ئیسرائیلیشەوە، سەرۆک ئۆباما گوتی لەگەڵ ئەو نیگەرانیانەدایە، بەهۆی ئەو لێدوانانەی لە لایەن ئێرانـیەکانەوە لە دژی ئیسرائیلەوە دراون، لەوانە نەهێشتنی ئیسرائیل لەسەر نەخشەی جیهان، بەڵام گوتی دەبێت ئیسرائیل ئەوەش بزانێت ئەو هەڕەشانە دوو هێندە دەبن ئەگەر بێت و ئێران بـبێتە خاوەن چەکی ناوکی.

سەبارەت بە ئابوری ئێران، سەرۆک ئۆباما داوایکرد ئەو پارانەی بەهۆی سووکردنی سزاکانەوە دەسـتی ئێران دەکەون لە باشکردنی ئابوری و خۆشگوزرانی خەڵکەکەی خەرجی بکات نەک بۆ زیادکردنی توانا لەشکریـیەکانی و پشـتیوانیکردنی حزبوڵڵا کە لە سوریا یارمەتی ڕژێمی ئەسەد دەدات.

هۆشداری ئەوەشی دا ئەگەر بێت و ئەم ڕێکەوتنە نەبێت، ئەوا بۆی هەیە سیستەمی سزا نێودەوڵەتیـیەکانی سەر ئێران هەرەس بهێنێت.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆک ئۆباما گوتی ئێران هێشـتا جێی مەترسیـیە بۆ جیهان و بەردەوامە لە پشـتیوانیکردنی حزبوڵڵا و تێرۆرزم و نانەوەی نائارامی لە چەندان ناوچە، لەوانە یەمەن. هیواشی خواست ئەم ڕێکەوتنە بـبێتە مایەی ئەوەی ئێران لە ڕەفتارەکانی بگۆڕێت و لەگەڵ کۆمەڵی نێودەوڵەتی هاوکاری بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە.

سەبارەت بەوەی بەشار ئەسەد ڕێکەوتنەکەی بە سەرکەوتنێـک بۆخۆیان داناوە، سەرۆک ئۆباما گوتی ئەسەد و ئەوانی دیکەی دەیانەوێت ڕێکەوتنەکە بە شێوەیەکی دیکە وێنابکەن، هیچ لەوە ناگۆڕن کە ڕێکەوتنەکە بەسەر ئێرانی سەپاندووە توانا ناوکیـیەکانی کەم بکاتەوە.

XS
SM
MD
LG