Accessibility links

سەرۆک ئۆباما: ئەمەریکا پشـتیوانی لە مافی تورکیا دەکات بۆ بەرگریکردن لەخۆی


سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت وڵاتەکەی پشـتیوانی لە مافی تورکیا دەکات لە بەرگریکردن لە خۆی و لە ئاسمانی و لە خاکەکەی و هەروەها زۆر بە بایەخەوە دەڕوانێتە ئاسایشی تورکیا و سەروەری وڵاتەکەی.

سەرۆک ئۆباما ڕۆژی سێشەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆنگرەی کەش‌وهەوا لە پاریس لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کۆبووەوە و ئەم لێدوانەی دا بۆ دەربڕینی هەڵوێستی ئەمەریکا لە بەرامبەر خستنی فڕۆکەیەکی ڕووسیا لە لایەن تورکیاوە لە نزیک سنووری سوریا لە هەفتەی ڕابردوو.

پاشان سەرۆک ئۆباما گوتی لەگەڵ ئەردۆغان تاووتوێی چۆنێتی هێورکردنەوەی گرژیـیەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیای کردووە و هەوڵ بدەن ڕێگە چارەیەکی دیپـلۆماسی بۆ کێشەی نێوانیان بدۆزنەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە دەبێت هەموو لایەک سەنگی بخەنە سەر دوژمنی هاوبەشیان ئەویش داعشە.

پـێشتر هەر ڕۆژی سێشەممە ئەحمەد داوود ئۆغڵو سەرۆک وەزیری تورکیا داوایکرد کەناڵێـکی پەیوەندی لەشکری لە نێوان تورکیا و ڕووسیا بکرێتەوە تاوەکو ڕووداوی دیکەی هاوشێوەی ئەوەی هەفتەی ڕابردوو ڕوونەداتەوە.

XS
SM
MD
LG