Accessibility links

سەرۆک ئۆباما دەسەڵاتی زیاتر بە لەشکری ئەمەریکا لە ئەفغانسـتان دەدات

  • VOA News

سەرۆک ئۆباما ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پـێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە لەشکری ئەمەریکا لە پشـتیوانیکردنی هێزە ئەفغانیـیەکان، ئەوانەی شەڕی چەکدارانی تاڵیبان دەکەن.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، کاربەدەسـتێـکی باڵای ئەمەریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، گوتویەتی بەپـێی ئەم بڕیارە دەتوانرێت زیاتر هێزی ئاسمانی ئەمەریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یاخیبوان بەکاربهێنرێت.

هەروەها جەنەڕاڵ جۆن نیکلسن فەرماندەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانسـتان دەتوانێت کەی بە باشی بزانێت بڕیار بدات سەربازانی ئەمەریکایی یاوەری هێزە ئاسایـیەکانی ئەفغانسـتان لە شەڕەکاندا بکەن کە پـێشتر تەنیا یاوەری هێزە تایبەتەکانی ئەفغانسـتانیان دەکرد.

ئەم بڕیارەی سەرۆک ئۆباما پاش زیاتر لە سـاڵێـک دێت لەوەی ئەرکی شەڕی هێزە نێودەڵەتیـیەکان لە ئەفغانسـتان کۆتایی‌پـێهات و هێزەکانی ئەفغانسـتان ئەم ئەرکەیان لە ئەستۆگرت.

هەروەها پـێش بڕیارێـکی چاوەڕوانکراوی سەرۆک ئۆباما دێت بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازانی ئەمەریکایی لە ئەفغانسـتان هەتا سـاڵی 2017 لە 9800 سەربازەوە بۆ 5500 .

هەفتەی ڕابردوو کۆمەڵێـک جەنەڕاڵی خانەنیشین و دیپـلۆماتی خاوەن ئەزمون پـێشـنیاریان بۆ سەرۆک ئۆباما کرد ژمارەی سەربازەکان لە ئەفغانسـتان کەم نەکاتەوە و ئاگاهیان دا لەوەی ئەم هەنگاوە ئەگەر بنرێت ڕەنگە کار لە شەڕی دژی تاڵیبان بکات.

XS
SM
MD
LG