Accessibility links

ناڕەزایی کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر تاقیکردنەوە ناوکیـیەکی کۆریای باکور


تاقیکردنەوە ناوکیـیەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی کۆریای باکور ناڕەزایـیەکی نێودەوڵەتی زۆری لێکەوتووەتەوە و بڕیارە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بە پەلە لەم بارەیەوە سازبکات.

دیپـلۆماتان لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزیان گوتووە کۆبوونەوەکە لە سەر داوای ئەمەریکا و ژاپـۆن و کۆریای باشور لە پشـت دەرگای داخراو ئەنجام دەدرێت.

سەرۆک ئۆباما کە بە فڕۆکە لە وڵاتی لاوسەوە بەرەو ئەمەریکا دەگەڕایەوە، پاش نیو کاژمێر لە تاقیکردنەوەکەی کۆریای باکور لە ڕێگەی تەلەفونەوە بۆ ماوەی 15 خولەک لەگەڵ خانم پاک جون های سەرۆکی کۆریای باشور لەم بارەیەوە وتووێژیان کردووە.

سەرۆکی ئەمەریکا گوتی هەرچ کارێـکی ئیستفزازی کۆریای باکور ئەنجامی بدات ئاکامی خراپی بەسەریدا دەبێت. سەرۆکی کۆریای باشوریش لای خۆیەوە گوتی کیم جونگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور لاساریـیەکی شێتانە نیشان دەدات و بە تەواوی ئەو داوا نێودەوڵەتیـیانەی لێکراون بۆ وازهێنان لە دروسـتکردنی چەکی ناوکی پشـتگوێ خستووە.

هاوکات ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆریای باشور کۆبوونەوەیەکی بە پەلە سازکرد.

لە تۆکیۆش، فومیۆ کیشیدا وەزیری دەرەوەی ژاپـۆن ڕایگەیاند وڵاتەکەی پەیامێـکی ناڕەزایی بۆ کۆریای باکور ڕەوانەکردووە و دەڵێت ئەم هەنگاوەی پـیونگ‌یانگ پـێشـێلکردنێـکی ڕوون و ئاشکرای بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە و هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ ئەو هەوڵە نێودەوڵەتیـیانەی دەدرێن بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی.

ڕووسیا لە زاری دمیتری پـێسکۆڤ گوتەبێژی کرملێن نیگەرانی وڵاتەکەیانی ڕایگەیاند و گوتی ئامادەن لە ڕێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کاردانەوەیان بەرامبەر ئەم کارەی پـیۆنگ‌یانگ هەبێت.

چین لە بەیانـنامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی دەڵێت بە توندی دژی ئەم تاقیکردنەوە نوێـیەی کۆریای باکورە و داوای لێدەکات ئەم جۆر کارانە ڕابگرێت کە دەبنە مایەی گرژی زیاتر لە ناوچەکەدا.

سەرۆکایەتی فەڕەنسا، ئەویش بەیانـنامەیەکی لەم بارەیەوە دەرکرد و تیایدا بە توندی تاقیکردنەوەکەی شەرمەزارکرد و داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد کاردانەوەی بەرامبەر پـیۆنگ‌یانگ هەبێت.

بەریتانیا لە زاری بۆریس جۆنسن وەزیری دەرەوە، تاقیکردنەوە ناوکیـیەکەی کۆریای باکوری شەرمەزارکرد و بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە ناودێرکرد و گوتی لەگەڵ وڵاتاندا وتووێژدەکەن بۆ چۆنیەتی وەڵامدانەوەیەکی توندیان لە بەرامبەر پـیۆنگ‌یانگدا هەبێت.

XS
SM
MD
LG