Accessibility links

کۆریای باکور دەڵێت هێرشی بێ بەزەییانە ئەنجام دەدات ئەگەر ئەمەریکا سەروەری پێشێل بکات


کۆریای باکور ئەمڕۆ سێشەممە ئەمەریکای ئاگادارکردۆتەوە و دەڵێت هێرشی "بێ بەزەییانە" ئەنجام دەدات ئەگەر کەشتی فڕۆکە هەڵگری ئەمەریکا کارڵ ڤێنسن (USS Carl Vinson) و کەشتیەکانی یاوەری کە بەشداری لە مانۆرێکی سەربازی لەگەڵ کۆریای باشوردا دەکەن سەروەری و شکۆمەندی وڵاتەکەی پێشێل بکەن.

کۆریای باکور کە لەوەتەی ساڵی ڕابردووەوە خۆی بۆتە مایەی نیگەرانی دراوسێیەکانی لە پاش دوو تاقیکردنەوەی ناوکی و هەڵدانی ژمارەیەک موشەک وتی گەیشتنی ئەم کۆمەڵە کەشتیەی ئەمەریکا بەشێکە لە "پلانێکی سەرکێشانە" بۆ هێرشکردنە سەری.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی کۆریای باکور (KCNA) وتی "ئەگەر سەروەری و شکۆمەندی کۆماری کۆریای میللی دیموکراتی پێشێل بکەن تەنانەت تۆزقاڵێکیش، ئەوا سوپاکەی لە زەوی و ئاسمان و دەریا و ژێر دەریاوە هێرشی بێ بەزەییانە ئەنجام دەدات."

ئاژانسەکە وتیشی" تەنها لە 11 ی مانگی سێ چەندین فڕۆکەی دۆژمن لەسەر کەشتی فڕۆکە هەڵگرەکە هەستاون و نزیک لە ئاو و ئاسمانی کۆماری کۆریای میللی دیموکرات فڕیون بە مەبەستی دەستکردن بە مانۆڕی هەڵدانی بۆمب و ئەنجامدانی هێرشی لە ناکاو بۆ سەر سوپاکەی لەسەر زەوی."

وتەبێژێکی هێزی دەریایی ئەمەریکا وتی کەشتی فڕۆکە هەڵگری کارڵ ڤێنسن لە ئەرکێکی ئاساییدایە کە پێشتر بەرنامەی بۆ دانراوە بۆ بەشداریکردن لە مانۆڕی سەربازی لەگەڵ کۆریای باشوری هاوپەیماندا.

ئەمەریکا و کۆریای باشور لە یەکی مانگی سێیەوە مانۆڕێکی سەربازی گەورەیان پێکەوە دەستپێکردووە کە دەڵێن بۆ بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانە.

نزیکەی 17 هەزار سەربازی ئەمەریکا لەگەڵ زیاتر لە 300 هەزار سەربازی کۆریای باشور بەشدارییان لە مانۆڕە سەربازییەکانی ساڵی ڕابردوو کردبوو. سیئۆل دەڵێت لە مانۆڕەکانی ئەمساڵیش ژمارەیەکی هاوشێوە بەشداری دەکەن.

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG