Accessibility links

دەزگایەکی توێژینەوە: ڕەنگە کۆریای باکور لە قۆناغەکانی کۆتاییدا بێت بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیەکی ناوکی


دەزگایەکی توێژینەوەی ئەمەریکایی دەڵێت لە سەرەتای ئەم هەفتەیە وێنەی شوێنێکی سەرەکی کۆریای باکور بۆ تاقیکردنەوەی ناوکی گیراون، پیشانی دەدەن ئەو وڵاتە ڕەنگە لە قۆناغەکانی کۆتایی ئامادەکاری ببێت بۆ شەشەم تاقیکردنەوەی ناوکی.

ماڵپەڕی North 38 کە چاودێری کۆریای باکور دەکات و بنکەکەی لە ئەمەریکایە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە و تیایدا نووسیویەتی وێنەی سەتەلایتی هەن ڕۆژی شەممە گیراون پیشانی دەدەن بەردەوام ئۆتۆمبیل و ماشێن لە هاتوچۆدان لە ناوچەی پیونگی- ڕی Punggye-ri ی بۆ تاقیکردنەوەی ناوکی، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ گەیاندنی کەیبڵی پەیوەندی بۆ تونێلی شوێنی تاقیکردنەوەکە.

هەروەها بەردەوام ئاو لە شوێنی تونێلکە دەردەهێنرێت تا وشک ببێت لەبەر ئامێر و کەلوپەلەکانی چاودێری و گەیاندن.

دەزگای North 38 دەڵێت ئەمانە هەموویان ئاماژەیەکی بەهێزن کە ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەیەکی نوێ دەکرێت، بەڵام وێنەکان بەڵگەیەکی تەواو ناخەنە ڕوو و ئامێرە ناوکییەکە پیشان بدات یان کاتی تاقیکردنەوەکە ئاشکرا بکات.

ڕاپۆرتەکە دەشڵێت نەبوونی کار و چالاکی لە بەشێکی ئەو شوێنە ڕەنگە نیشانەی ئەوە ببێت ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەکە ڕەنگە لە قۆناغەکانی کۆتاییدا ببێت.

ڕاپۆرتێکی تری دەزگاکە دەڵێت چەند وێنەیەکی تری هەر بە سەتەلایت بۆ سەنتەری یۆنگبیۆن بۆ توێژینەوەی ناوکی کۆریای باکور گیراون پیشانی دەدەن لەو شوێنە هاتوچۆی شەمەندەفەری بار و ئۆتۆمبیل هەیە کە ڕەنگە نیشانەی ئەوە بێت پرۆسەی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی ناوکی پلوتۆنیوم لەو سەنتەرە دەستیپێکردبێتەوە.

کۆریای باکور سەرەڕای سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی خستویەتە سەری پێشتر 5 تاقیکردنەوەی ناوکی و ژمارەیەک تاقیکردنەوەی موشەکی بالیستی ئەنجام داوە. شارەزایان و کاربەدەستانی حکومی لەو بڕوایەدان کۆریای باکور کار بۆ دروستکردنی کڵاوەی ناوکی دەکات تا بگاتە ئەمەریکا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG