Accessibility links

لەشکری ژاپـۆن لە دژی کۆریای باکور دەخرێتە حاڵەتی ئامادەباشیـیەوە


لەشکری ژاپـۆن خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشیـیەوە بۆ خستنی هەر موشەکێـکی کۆریای باکور کە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتەکەی. هاوکات کۆریای باشوریش ئاگاهی داوە بە کۆریای باکور لەوەی باجێـکی قورس دەدات ئەگەربێت و لەسەر پـلانەکەی بۆ هەڵدانی سەتەلایتێـک بەردەوامببێت.

جین ناکاتانی وەزیری بەرگری ژاپـۆن ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئاشکراکرد کە فەرمانی کردووە یەکەکانی دژە موشەکی بالستی لە ئامادەباشیدابن بۆ لێدانی هەر موشەکێـکی کۆریای باکور کە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ژاپـۆن.

ئەمەش هێزی دەریایی دەگرێتەوە، ئەوانەی سیستەمی دژە موشەکی ئەیجسیان تێدایە لەگەڵ سیستمەکانی پاتریۆتی دژە موشەکی لەسەر وشکانی.

ئەم گرژیـیە نوێـیەی ناوچەی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا پاش ئەوە هات کە شەوی سێشەممە کۆریای باکور ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی ئاگادارکردەوە لەوەی نیازی هەیە لە نێوان 8 بۆ 25 ی ئەم مانگی دووە سەتەلایتێـک ڕەوانەی واڵای ئاسمان بکات بۆ چاودێریکردنی زەوی.

ئۆفیسی سەرۆکایەتی کۆریای باشوریش بەیانـنامەیەکی لەم بارەیەوە دەرکرد و تیایدا داوای لە کۆریای باکور کردووە ئەم پلانەی هەڵبوەشێنێتەوە، دەڵێت ئەمە پـێشـێلکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشیە.

ژاپـۆن و کۆریای باشور لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی دیکە پـێـیان وایە مەبەستی سەرەکی لەم هەڵدانی سەتەلایەتە تاقیکردنەوەیە بۆ موشەکێـکی مەودا دور.

شارەزایان دەڵێن ڕەنگە موشەکەکە بەسەر ئاسمانی دورگەی ئۆکیناوای ژاپـۆندا تێپەڕببێت لە بەرزایی سەدان کیلۆمەتر.

XS
SM
MD
LG