پـۆلیسی نەیجیریا دەڵێت لە ئاکامی زنجیرەیەک تەقینەوە لە شاری مایدوگوری ناوەندی هەرێمی بۆرنۆ لە باکوری خۆرهەڵاتی وڵات بە لایەنی کەم 54 کەس کوژراون و 90 کەسیش برینداربوون.
ڤیکتۆر ئسوکو گوتەبێژی پـۆلیسی هەرێمی بۆرنۆ ڕۆژی دووشەممە ئەم ئامارەی ڕاگەیاند و گوتی تەقینەوەکان شەوی یەکشەممە لە هەردوو ناوچەی گۆماری و ئاجیلاری لە ڕۆژئاوای شارەکە ڕوویانداوە.
کارمەندانی فریاگوزاری و لەشکر دەڵێن 3 تەقینەوە بوون، بەڵام خەڵکی ناوچەکە بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێسیان گوتووە 4 تەقینەوەی جودا بوون، کە لە مزگەوتێـکدا بوون لە کاتی نوێژی مەغریبدا و هەروەها لە نێو کۆمەڵێـک خەڵک لە شوێنێـکی گشتیدا بە ڕێگەی تەلەفیزیۆن سەیری یاریـیەکی تۆپی پـێـیان دەکرد.
هەرچەندە هێشـتا بۆکۆ حەرام بەرپـرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکان ڕاگەیاندووە، بەڵام کاربەدەسـتان و خەڵکی ناوچەکە پـێـیان وایە کاری ئەم گروپە توندڕەوە بێت، بەو پـێـیەی پـێشتر هێرشی لەو جۆرەی لەو ناوچەیە کردووە و بەردەوام هەڕەشەی هێرشی زیاتر دەکات.
بەپـێی ئاژانسی فرانس پـرێس لەوەتای مانگی شەشەوە هەتا ئێسـتا بە لایەنی کەم 1100 کەس بەهۆی توندوتیژیـیەکانی بۆکۆ حەرام لە هەرێمی بۆرنۆ گیانیان لەدەسـتداوە.