Accessibility links

لەشکری نەیجیریا دەڵێت 338 کەسی لە دەسـتی بۆکۆ حەرام ڕزگارکردووە


لەشکری نەیجیریا دەڵێت لە نزیک دارسـتانەکانی ناوچەی سامبیسا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان 338 کەسیان لە دەسـتی گروپی بۆکۆ حەرام ڕزگارکردووە و زۆربەیان ژن و منداڵن.

سانی عوسمان گوتەبێژی لەشکری نەیجیریا ڕۆژی چوارشەممە هەواڵەکەی ڕاگەیاند و گوتی دوێنێ سێشەممە ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجامدراوە و بەهۆیەوە 138 ژن و 192 منداڵ و 8 پـیاو ڕزگارکراون.

بەڵام هێشـتا ڕوون نیـیە ئایا هیچ کام لەو 200 خوێندکارە کچەیان لە نێواندایە کە ساڵی ڕابردوو لە ناوچەی چیبۆک ڕفاندبوویانن.

لەشکر دەڵێت لە ئۆپەراسیۆنەکەیاندا هێرشیان کردووەتە سەر کەمپی تێرۆرسـتانی بۆکۆ حەرام لە هەردوو گوندی بولاجیلین و ماناواشە کە دەکەونە قەراغ دارسـتانەکانی سامبیسا. دەشڵێن مینێـکی زۆر لە ناوچەکە چێنرابوون.

لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکە 30 چەکدار کوژراون و دەسـتگیراوە بەسەر چەک و تەقەمەنیـیەکی زۆریش.

XS
SM
MD
LG