Accessibility links

ناتۆ بۆ یەکەم جارە بە فڕۆکەی ئاواکس بەشداری شەڕی داعش دەکات


سکرتێری گشتی ناتۆ ڕایگەیاند بۆ یەکەم جارە ڕێکخراوەکەیان فڕۆکەی ڕاداری جۆری ئاواکسی بەکارهێناوە بۆ پشتیوانی هاوپەیمانێتی دژی داعش کە ئەمەریکا ڕێبەرایەتی دەکات.

یەنس ستۆڵتنبێرگ ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە برۆکسل گوتی ناتۆ لە ئێسـتادا ڕاستەوخۆ پاڵپشتی هەڵمەتی دژی داعش دەکات بە فڕۆکەی ئاواکس، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لە 20 ی ئەم مانگە یەکەم فڕۆکەی ئاواکسی ناتۆ بەشداری کردبوو.

هەروەها ستۆڵتنبێرگ بەر لە دەسـتپێـکردنی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری ناتۆ لە بارەگای ڕێکخراوەکەیان لە برۆکسل، گوتیشی ناتۆ پابەندە بە پشـتیوانیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە دژی داعش.

مانگی حەوت ڕێبەرانی ناتۆ قایل بوون بە فڕۆکەی ئاواکس بەشداری لە شەڕی دژی داعش بکەن، ئەمەش پاش ئەوەی ئەمەریکا فشاری خستە سەریان تاوەکو یارمەتی زیاتر لەم شەڕەدا بدەن.

هەر 28 وڵاتی ئەندامی ناتۆ لە نێو هاوپەیمانێتی دژی داعشدان، بەڵام هەندێـکیان دوودڵن لەوەی لە ناو سوریا بەشداری ئەو شەڕە بکەن.

فڕۆکەی ئاواکس ڕادارێـکی پـێشکەوتووی بەهێزی تێدایە کە دەتوانێت چاودێری هاتوچۆی ئاسمانی بکات هەتا دوری سەدان کیلۆمەتر، بەمەش دەتوانێت سەرپەرشتی فڕینی فڕۆکە جەنگیـیەکان لە بەرەکانی شەڕدا بکات.

XS
SM
MD
LG