Accessibility links

محییه‌دین پاڵانی: له‌ ئێسـتا شه‌ڕ له‌ دژی ئێران ڕه‌نگه‌ بژاره‌یه‌کی دور بێت

  • Haider Karim

محییه‌دین پاڵانی

محییه‌دین پاڵانی

سه‌باره‌ت به‌ ئیدیعاکانی ئه‌مه‌ریکا که‌ گوایه‌ تاران ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌ پـلانێـک بۆ کوشتنی باڵیۆزی عه‌ره‌بسـتانی سعودیـیه‌ له‌ واشنتن، محییه‌دین پاڵانی ڕاوێژکاری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات- له‌ که‌نه‌دا له‌ وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ هاوکارمان حه‌یده‌ر که‌ریم گوتی من پێموایه‌ ئه‌مه‌ریکا زۆر هه‌وڵی ئه‌وه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت هاوده‌نگییه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی دروست بکات، به‌ تایبه‌تی بۆ ئه‌مه‌ریکا گرنگه‌ له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا هاوده‌نگییه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی دروست بکات له‌ دژی ئێران و ده‌یه‌وێت ئێران به‌ره‌به‌ره‌ بکێشێته‌ ئه‌و جێگایه‌ی که‌ به‌شێوه‌یه‌ک له‌به‌ر ئه‌و تاوان و سه‌رپێچییانه‌ی که‌ ده‌یکات، ئێران له‌ چوارچیوه‌یه‌کی دیارکراودا گۆشه‌ گیر بکات یا پابه‌ندی بکات یا له‌ کۆتاییدا ئێران بکه‌وێته‌ مه‌وقعییه‌تێکه‌وه‌ وه‌ک زۆر له‌ وڵاتانی دیکه‌. دیاره‌ ئه‌وان بۆ خۆیان ده‌ڵێن زۆر بۆچوون و زۆر ڕێگای چاره‌سه‌ر‌یان له‌ پێش ده‌بێت که‌ به‌و پێیه‌ زۆر له‌ شیکه‌ره‌وان تێڕوانینیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ یه‌ک له‌ ڕێگه‌کان شه‌ڕ ده‌بێت. محییه‌دین ده‌ڵێت به‌ڵام له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستادا شه‌ڕکردن له‌گه‌ڵ ئێران ڕه‌نگه‌ بژارێکی بڕێک دووره‌ده‌ست بێت، به‌ڵام فشارهێنان بۆسه‌ر ئێران و زیاتر دوره‌په‌رێزکردنی ئێران به‌شێوه‌یه‌کی به‌ر بڵاوتر هه‌م له‌ گۆڕه‌پانی ئابووری و هه‌م له‌ مه‌یدانی سیاسی یه‌کێک له‌ ئه‌گه‌ره‌ هه‌ره‌ جدییه‌کان بێت که‌ ڕه‌نگه‌ له‌ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشدا بدرێت ئه‌گه‌ر بگه‌نه‌ ڕێکه‌وتن له‌و باره‌یه‌وه‌.

محییه‌دین پاڵانی له‌باره‌ی ئیدیعاکه‌ی ئه‌مه‌ریکاوه‌ ‌ئه‌وه‌ی پـیلانی‌ ئێران به‌رنامه‌ی کوشتنی باڵیۆزی عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ی له‌ وڵاته ‌یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکادا داڕشتووه‌ ده‌ڵێت ئه‌مه‌ ده‌ست درێژیکردنه‌ بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری وڵاتێک و له‌سه‌ر کارێکی وا وڵاتێک ده‌توانێت له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌سه‌له‌یه‌کی وا شه‌ڕێک هه‌ڵگیرسێنێت به‌ تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و وڵاته‌ توانای وه‌ک وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی هه‌بێت و کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یش پاڵپشتی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بێت.

هه‌روه‌هاش محییه‌دین ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی که‌ ئێران ئیدیعای ده‌کات و به ‌تایبه‌تیش سه‌رۆکی ئێران ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد که‌ به‌ زمانێکی مه‌زلووم نه‌مایی له‌گه‌ڵ که‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره‌ قسه‌ی ده‌کرد و نکۆڵی له‌ پیلانه‌که‌ ده‌کرد. ده‌ڵێت ئێران پێیوابوو ئه‌مجاره‌ش به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕ ده‌بێت وه‌ک جارانی پێشوو که‌ له‌ وڵاتانی جۆراوجۆر ده‌ستی بۆ تیرۆر بردبوو و به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕی بوو. جا له‌و باوه‌ڕه‌دابوو ئه‌مجاره‌ش ده‌کرێت به‌ شێوه‌یه‌کی وا به‌جدی وه‌رنه‌گیرێت و به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕێت، به‌ڵام ئێستا که‌ ده‌بینیت مه‌سه‌له‌که‌ جدی بۆته‌وه‌ هه‌م له‌ هه‌رێمه‌که‌دا و هه‌م له‌ سه‌ر شانۆی جیهانیدا، بۆیه‌ ئێران ئه‌و زمانه‌ و ئه‌و مه‌زلووم نه‌ماییه‌ به‌کار ده‌هێنێت و ئه‌حمه‌دی‌نه‌ژاد ده‌ڵێت پیاوی عاقڵ زۆر له‌ ئه‌مه‌ریکا وجودی هه‌یه‌ پێش ئه‌و شه‌ڕه‌ بگرێت.

ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی گفتوگۆكه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ چه‌پ‌، ماوه‌كه‌ی 11:07 خوله‌كه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

XS
SM
MD
LG